کەناڵی سی.بی.ئێس: سەربازە کەنەدییەکە بە پێی دەستوور و یاسای عێراق گیراوه‌

کەناڵی سی.بی.ئێس: سەربازە کەنەدییەکە بە پێی دەستوور و یاسای عێراق گیراوه‌

کەناڵى "سى.بى.ئێس"ى کەنەدى لە هەواڵێکدا بەناونیشانى "سەربازە کەنەدییەکە بەرپرسانى هەرێمى کوردستانى نیگەران کردووە" ئاماژە بە لێدوانێکى دکتۆر دیندار زێبارى جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوه‌.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌ زێباری باس لە هۆکارى گرتنى سەربازە کەنەدییەکە دەکات کە لە ڕیزەکانى یەپەگە دەجەنگا و دەڵێت "مایکڵ کناى سنوورى عێراق و هەرێمى کوردستانى بە نایاسایى بڕیوە و لە سنووری شنگالەوە هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، گرتنەکەى بەپێى دەستور و یاسای عیراقە" و دایکى ئەو سەربازە قسەکانى دیندارى پشتراستکردوەتەوە.

لە بەشێکى دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بەشێک لە ئاژانسى هەواڵگریی کەنەدا لە ساڵى 2014 ڕاپۆرتێکى هۆشدارییان بڵاوکردۆتەوە کە شەڕکردن لە پاڵ هەندێ هێزى کوردیدا شکاندنى یاساکانى تیرۆر لە وڵاتەکەدایە و ڕاپۆرتەکە پەکەکەى وەک نمونە هێناوەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە "هەڵۆکانى ئازادى کوردستان" کە لقێکە لە پەکەکە چەندین تەقینەوەى سەرەکییان لە باشوورى تورکیا ئەنجام داوە و لە لیستى تیرۆردان، هەرچەندە ئێستا (پەیەدە) وەک خۆى نەخراوەتە لیستى تیرۆرەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕابردوو لە ئێستاشدا ڕێکخراوى چاودێرى مافى مرۆڤ داوا دەکات لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە لەوێوە دەگەڕێنەوە.
PAYAMNER-
Top