مەسرور بارزانی: رۆڵی پێشمەرگە نادیدە بگرن هەڵوێستمان دەبێت
سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ واشنتن کە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش یاوەریی دەکات و دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی پیشوو و نوێی ئەمریکا، مەسروور بارزانی گوتی: "ئەوەی هەستمانکرد هەموویان زۆر پشتگیری گەلی کورد دەکەن، دڵنیایی ئەوەیان پێداین کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستان".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە نامۆ عەبدوڵڵا بەرپرسی نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، مەسرور بارزانی سەبارەت بە دیدارەکانیان لە واشنتن و تێڕوانینیان بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
پرسیار: گرنگی ئەم دیدارەتان لەم کاتەدا چییە، کە چەند مانگێکی دیکە ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت؟
مەسرور بارزانی: ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی سوپاسی ئەم ئیدارەیەی ئێستا بکەین، بۆ ئەو هاوکاریانەی پێشەکەشی گەلی کورد و بەتایبەتی پێشمەرگەیان کردووە، ئەو پشتگیرییەی کردیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هەروەها بۆ ئەوەی زیاتریش لە ئیدارەی نوێی ئەمریکا تێبگەین و بزانین بەردەوامی لە هاوکاری کردنی میللەتی کورد و پێشمەرگە دەبێت لە ئیدارەی نوێ، داواکاری زیاتریشمان هەیە لە ئیدارەی نوێ چاوەڕوانی زیاترمان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن پشتگیری لە کوردستان بکەن.
رووداو: تاچەند سەرکەوتووبوونە لەو دیدارەتان کە لەگەڵ ئەندامانی ئیدارەی ترەمپ ئەنجامتانداوە؟
مەسرور بارزانی: ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک راوێژکاری ئیدارەی نوێ قسەمانکردووە، کە کاریگەری و پێگەیان دەبێت لە ئیدارەی داهاتوو، ئەوەی هەستمانکرد هەموویان زۆر پشتگیری گەلی کورد دەکەن، دڵنیایی ئەوەیان پێداین، کە بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستان و لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و رەنگە ئەو هاوکاریانەیان زیاتریش ببێت.
پرسیار: لەکاتێکدا ئێوە لە واشنتنن، جێگری سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی کوردستان قسەی کرد، ئایا ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی داهاتوو چڕوپڕتر پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەکات؟
مەسرور بارزانی: بێگومان ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پشتگیری ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوان هێشتا بە فەرمی نەهاتوونەتە ئیدارە واتە دەستبەکاربن، تا ئەوکاتە بڕوا ناکەم کە سیاسەتی راشکاوانەی ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا باس بکرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەر ئەم گفتوگۆکردن و پەیوەندیکردنە خۆی ئاماژەیەکە لە بەردەوامبوونی پشتگیری ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە کوردستان لە داهاتوودا.
رووداو: چاوتان بە یەکێک لەو ژەنەراڵانە کەوتووە کە ترەمپ بۆ ئیدارەکەی هەڵیبژاردووە، بۆنموونە جەیمس ماتیس کە بۆ وەزیری بەرگری هەڵیبژاردووە؟
مەسرور بارزانی: ئەوان لە ئیدارە نین، خۆشتان دەزانن سیاسەتی ئەمریکا یەک ئیدارە لە یەک کاتدا دەبێت، لەبەر ئەوە پێم خۆش نییە بڵێم کێمان دیوە، بەڵام ژمارەیەک راوێژکاری کاریگەرمان بینیوە.
رووداو: بەڕێزتان کۆبوونەوەتان لەگەڵ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا کردووە و ئەوەتان گوتبوو کە چاوەڕوانی فۆڕمەلەیەکی نوێ دەکەن بۆ ئەوەی ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکات بەتایبەتی مەبەستتان لەو فۆڕمەڵەیە چی بوو؟
مەسرور بارزانی: ئێمە نامانەوێت بەردەوام لەم دڵەڕاوکێیەدا بژین، نامانەوێت تەنیا پشت بە تاکە کەس ببەستین کە حکومیان بەدەستەوەیە، ئێمە دەمانەوێت میکانیزمێک هەبێت کە داهاتووی کوردستان مسۆگەر بکات، لە ئەمن و ئاسایشی گەلی خۆمان و وڵاتی خۆمان دڵنیا بین، ئەم باسانەمان کردووە کە پشتگیری ئێمە بکەن لەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا بەردەوامە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێستای بەغدا بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە میکانیزمێک لە چۆنیەتی داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.
پرسیار: لەکاتێکدا ئێوە لێرەبوون، بینیمان لە پەرلەمانی عێراق لە پەسندکردنی بودجەشدا هەرێمی کوردستانیان فڕێدایە دەرەوەی کایە سیاسییەکان، یان ئەوەی مافی خۆیەتی بۆی دابین بکرێت، لەکاتێکدا پشکی هەرە سەرەکی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعشدا لەسەر شانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هەرێمی کوردستانە. ئایا ئەمە کاریگەری هەیە لە دیدارەکانی لەمەودواتاندا زۆرتر لەسەر ئەجێندای سەربەخۆیی کوردستان پێداگری بکەنەوە؟
مەسرور بارزانی: ئێمە پێشتریش خۆ پێشمەرگە شەڕی کردووە نەک لەبەر ئەوەی کە یارمەتیان دراوە یان لە بەغدا بودجەیان پێدراوە، ئێوە خۆتان ئاگادارن لە ساڵی 2014وە بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە بڕاوە، پێشمەرگە شەڕی کردووە بۆ ئەو بیروباوەڕانەی هەیەتی و بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان، بێگومان ئێمە پارێزگاری لە خۆمان و لەو مەبادئانە دەکەین کە میللەتی کورد هەیەتی، ئێمە پارێزگاری لە وڵاتی خۆمان دەکەین، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەبێت، ئەگەر ئەوان بیانەوێت بەردەوام بن لەسەر ئەوەی رۆڵی کوردستان و رۆڵی پێشمەرگە نادیدە بگرن، ئێمەش بە دڵنیاییەوە هەڵوێستمان دەبێت، هەر بۆ ئەوەشە دەمانەوێت ئاییندەیەکی رووناکترمان هەبێت لەو پەیوەندییە لەگەڵ حکومەتی بەغدا، ئینجا ئەمە لەسەر پەرلەمانتاران و لەسەر حکومەتی بەغدا دبێت چۆن دەیانەوێت سەیری ئاییندەی هەرێمی کوردستان بکەن لەگەڵ خۆیان، تاوەکو بێنە پێشەوە ئێمەش ئامادەین لەگەڵیان بچینە پێشەوە هاوکارییەکی زیاتری یەکدی بکەین.
رووداو: چاوەڕوانی بەڕێزتان چییە لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هەندێک کەس لە ئەمریکا بەو شێوەیە وەسفی دۆناڵد ترەمپ دەکەن کە کەسێکی ئاسایی نییە کەسێکە رەنگە گۆڕان بەسەر بۆچوونەکانی بێت.
مەسرور بارزانی: من ناتوانم لەجیاتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا و بەتایبەتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا قسە بکەم، کە ئەوان راوبۆچوونیان چۆن دەبێت ، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا ئێمە بیستوومانە پشتگیری لە مافی گەلی کورد دەکەن و بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی کوردستان. هیوادارین ئەو هاوکارییەی بەڵێنیان پێداوین زیاتر و بەردەوام بێت.
