باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کار بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەکات

 باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کار بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەکات
باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کە خۆیان بە زۆرینەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەزانن و ناوەندی بڕیاریش بە “باڵی قۆرخکار” وەسفیان دەکات، هەوڵی بەستنی کۆنگرە دەدەن.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەست کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە 15\10\2016ی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کە بە ناوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەنجامیان دا، گفتوگۆ لەسەر بەستنی کۆنگرەی یەکێتی کراوە و کاریش بۆ ئەو بابەتە دەکەن.

لە بەرامبەردا ڕێزان شێخ دلێر، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “باوەڕ ناکەم کێشەکانی یەکێتی بە کۆنگرە چارەسەر ببێت، ئەمانە کێشەی ناوخۆییە، پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە، دەبێت سەرکردەکان بڕوایان بە یەکتر هەبێت”. ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەگەر کۆنگرە بەبێ ناوەندی بڕیار بێت، دۆخی یەکێتی چارەسەر ناکات.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باس لەوە دەکات کە هەردوو ئاراستەی حزبەکەی، خۆیان بە خاوەنی یەکێتی دەزانن، بۆیە دەڵێت: “نە کۆنگرە، نە کۆبوونەوە، چارەسەری دۆخەکە ناکات، دەبێت خۆیان بڕوایان هەبێت، تاوەکوو کێشەکان چارەسەر بکرێت، من یەکێتییەکم لەسەر شەقام، بۆم گرنگ نییە کێ سەرکردایەتی دەکات، گرنگە بۆ من یەکێتی، یەکێتیی جاران بێت".










باسنیوز
Top