شەرقولئەوسەت: سوپای پاسداران لە سنووری سلێمانی گردبوونەتەوە ، بۆ پشتیوانیکردنی حەشدی شەعبییە لە شەڕی مووسڵ“
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) کە ئەمڕۆ یەکشەممە 16\10\2016 بڵاو کراوەتەوە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پشتیوانیکردنی میلیشیا شیعەکان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ، هێزەکانی سوپای پاسدارانی لە سنووری سلێمانی جێگیر کردووە.
هەمان ڕۆژنامە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئێران بایەخێکی زۆر بەو بابەتە دەدات، بەو ئامانجەی کە ڕێگەیەکی وشکانیی خێرا لە سنوورەکانی ئێرانەوە، بە سنووری سلێمانی و دواتر کەرکووک و لەوێشەوە مووسڵ، بۆ سنوورەکانی سووریا مسۆگەر بکات.
پێشتریش باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت لە سنوورەکانی خۆیەوە هێڵێک بۆ سنوورەکانی سووریا دروست بکات کە پێی دەڵێن (هیلالی شیعی)، ئەو هێڵە لە دەڤەری سلێمانییەوە دەست پێ دەکات، بە ناو سنووری پارێزگای کەرکووکدا تێپەڕ دەبێت، لەوێشەوە بۆ سنوورەکانی پارێزگای مووسڵ و بەو ناوچانەشدا دەڕوات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستی بەسەردا گرتووە، تاوەکوو دەگاتە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا کە سنووری دەوڵەتی سووریاشە.
باسنيوز
