بۆ شەڕی موسڵ 50 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
كاژێر سفری ئۆپەراسیۆنی موسڵ نزیكدەبێتەوە، هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەباشیدان بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق لە زۆربەی میحوەرەکانی موسڵ هێزی پیشمەرگە ئامادەکاریکردووە.
لە كۆی شەش رێگای گەیشتن بە پایتەختی دووەمی داعش 5ی بە دەستی هێزی پێشمەرگەوەیە، ئەوانیش رێگاكانی كەسكێ - بادۆش، بەنداوی موسڵ، ناوەران، خازر و گوێڕ، بەڵام تەنیا رێگەی گەیارە، كە زیاتر لە 60 كێلۆمەتر لە موسڵ دوورە، لەدەست سوپای عێراقدایە، بەڵام دوای سەردانی بارزانی بۆ بەغدا و رێككەوتن لەگەڵ عەبادی، رێگاكان لە بەردەم سوپای عێراق واڵاكران.
بەپێی زانیارییەكانی رووداو لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكە، 50 هەزار پێشمەرگە و ئاسایش خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە و لە ئەرکدان. پێشمەرگەش وەكو هێزێكی قبوڵكراو لە لایەن وڵاتانی ئیقلمی و هاوپەیمانان پشكی شێری لە یەكلاییكردنەوەی شەڕەكەی دەبێت.
زیاتر لە 30 هەزار چەكدار لە هێزە جیاوازەكان بە هێزی پێشمەرگەشەوە بەشداری شەڕی موسڵ دەكەن، سێ لیوای هێزەكانی پشتیوانی پێشمەرگەش بەشداری شەڕەكە دەكەن.
بەگوتەی فەرماندەکانی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە جگە لە شەڕی داعش ئەرکی رێگریی لە پاكتاوی تائیفی و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکەشی دەبێت.
ئەگەرچی بڕیارە هێزی پێشمەرگە نەچێتە نێو شاری موسڵ، بەڵام پێشمەرگە لە پاراستنی شوێنە ستراتیژییەكان و ژێرخانی نەوتی و ئابووری موسڵ رۆڵی سەرەكی دەبێت.
تیمپی پزیشكی و كەمپی تایبەت لە دەشتی نەینەوا لە میحوەری خازر بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكان ئامادەكراون.
لە كۆی سێ بنكەی سەربازی، كە سەرپەرشتی شەڕی موسڵ لێوە دەكرێت، بنكەیەكی سەرەكی وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە شەڕی دژی داعش لەگەڵ پێشمەرگە لە هەولێرە.
Rudaw-
