بایدەمیر: چاوەڕێی هەواڵی خۆشین لە کوردستانی باشوورەوە
رۆژی شەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2016، عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کورد و پەرلەمانتاری شاری رحا (ئورفە)ی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندووە، کە پێویستە کورد بەرامبەر هەموو ئەگەرەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت.
عوسمان بایدەمیر هەروەها رایگەیاندووە، کە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ کوردستانی باشوور، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کوردستانی باکوور و باشوور بوو و ”لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی ئەو سەردانە دەردەکەوێت“.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە، دەرکەوتنی ئەرێنیی ئەنجامی سەردانەکە، ”دەبێتە وەڵامێک بۆ دوژمنانی کورد“.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوولی 2016، عوسمان بایدەمیر هاوڕێ لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە و شاندێکی حزبەکەی، گەیشتنە شاری هەولێری پایتەختی کوردستانی باشوور.
رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوول، سەڵاحەدین دەمیرتاش و شاندە یاوەرەکەی، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە.
هاوسەرۆکی هەدەپە دوای گەیشتنی بە شاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ کوردستانی باشوور، باشترکردنی پەیوەندیی پارتەکانی کوردستان و دروستکردنی یەکڕیزیی حزبە کوردستانییەکانی پارچەکانی کوردستانە.
باسنيوز
