ناوەندی بڕیار: بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكەیان وەڵاممان بۆیان دەبێت
جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و پشتیوانی ناوەندی بڕیار راگەیاند: "كۆبوونەوەی شەوی رابردووی شاندی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەگەڵ كۆسرەت رسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، هیچ دەرنجامێكی نەبووە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە گوتی: "ئەوان داوایانكردووە كە ناوەندی بڕیار بەشداریی كۆبوونەوەكەی سەركردایەتی یەكێتی بكات، وەڵامی ئێمەش ئەوە بووە كە پێش كۆبوونەوەی سەركردایەتی پێویستە كێشەكانی ناو یەكێتی بە لیژنەیەك لە نێوان هەردوو لادا چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەوان رازی نەبوون، هەربۆیە بڕیارماندا بەشداریی نەكەین".
جەمیل هەورامی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، 18 ئەندام سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ناوەندی بڕیاری یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكە ناكەن، لەبارەی دوا هەڵوێستیشیان گوتی "ئەو كۆبوونەوەیە خزمەت بە ئایندەی یەكێتی ناكات و هیچ ئەنجامێكی ئەرێنیش بۆ یەكێتی نابێت، دوای كۆبوونەوەكەشیان بەپێی راگەیێندراوەكەیان وەڵاممان بۆیان دەبێت".
رۆژی شەممە 15-10-2016 باڵی زۆرینەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی ناوەندی بڕیاری یەكێتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجام دەدەن.
شەوی 1-9-2016 باڵی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی، دروستكردنی (ناوەندی بڕیار) یان لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیاند و لەبەرامبەردا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كەخۆیان بەزۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەناسێنن، بەدەركردنی بەیاننامەیەك لە 2-9-2016 شەرعیبوونی ئەو ناوەندیان رەتكردەوە.
تاوەكو ئێستا ناوەندی بڕیاری یەكێتی و باڵی زۆرینەی مەكتەب سیاسی یەكێتی". بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك، لەرۆژانی 27و28-9-2016، دوو كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، بەڵام هەردوو كۆبوونەوەكەیان بێ ئەنجام بووە.
شەوی هەینی 14-10-2016 شاندێكی باڵی زۆرینەی یەكێتی، بەسەرۆكایەتی پاڤێڵ تاڵەبانی، سەردانی كۆسرەت رسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كردو بەپێی گوتەكانی جەمیل هەورامی داوای لێكردوون بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بكەن، بەڵام كۆسرەت رسوڵ عەلی رەتیكردووەتەوە، هەر بۆیە كۆبوونەوەكە ئەنجامێكی ئەرێنی نەبووە.
رووداو
