کۆسرەت ڕەسول عەلی بەشداریکردنی سەرکردەیەکی یەکێتی لە کۆبوونەوەکان ڕەت دەکاتەوە
عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، لەسەر پێشنیازی حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی لە ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە ڕۆژانی 12 تا 14\10\2016، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەنێوان ناوەندی بڕیار و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕێکخستووە کە ناوەندی بڕیار بە “باڵی قۆرخکار” وەسفیان دەکات.
سەراوی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە کۆبوونەوەکەی سەعات 8ی شەوی هەینی 14\10\2016 کە بڕیاربوو پاڤێڵ تاڵەبانی و سەراوی وەک نوێنەری باڵی دەستڕۆیشتوو، لەگەڵ کۆسرەت ڕەسول عەلی، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح و حاکم قادر حەمەجان، سەرکردە دیارەکانی ناوەندی بڕیار کۆببنەوە، بەڵام دەڵێت: “3 جار لە ماڵی کاک کۆسرەتەوە پەیوەندیم پێوە کرا بەوەی کە ڕازی نەبوون من لە کۆبوونەوەکە بەشدار بم”. بۆیە دەڵێت: “چاوەڕوانی هەڵوێستێکی لەم جۆرەم لە کۆسرەت ڕەسول عەلی نەدەکرد”.
بە گوێرەی ڕەشنووسێکیش کە هاوپێچ لەگەڵ هەمان ڕوونکردنەوەدا بڵاو کراوەتەوە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ڕازی بوون، کۆسرەت ڕەسول عەلی یان دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان بکەن، هاوکات کارەکانی (یەکەی 70ی پێشمەرگە، ڕاگەیاندن، دارایی و چەندان ناوەندی دیکەی یەکێتی) ڕێک بخرێتەوە.
باسنیوز
