میسر؛ لەپەلامارێكی چەكداریدا 12 سەربازو 15 توندڕەو كوژران
وتەبێژە سەربازییەكەی میسر لەبەیاننامەیەكدا كە لەپێگەی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بلاویكردۆتەوە ئاماژەی بەوەكردووە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی گروپێكی چەكداری " تیرۆرست" پەلامارێكی خاڵێكی پشكنینان داوە لە پارێزگای سینا و لەئاكامدا شەڕوپێكادان روویداوە بەهۆیەوە 15 تیرۆرست كوژراون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون وەك رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە.
" هەر لەو شەڕوپێكادانەدا 12 سەرباز كوژراون و 6ی تریش برینداربوون، لەئێستاشدا كیوماڵكردنی ناوچەكە بەدوای پاشماوەكانی ئەو گروپەدا بەردەوامە" بەوتەی وتەبێژە سەربازییەكەی میسر.
پێشتر چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاماژەیان بەوەكردبوو ژمارەیەك چەكدار پەلاماری خاڵێكی پشكنینان داوە لە ناوچەی زقدان كە 85 كیلۆمەتر لەخۆرئاوای شاری عەریش سەنتەری پارێزگا سینا.
یەكێك لەسەرچاوەكانیش بەرۆیتەرز-ی راگەیاندووە، لەو پەلامارەدا كە بەدووری 40 كیلۆمەتر لە شاری " بیئر ئەلعەبد" روویداوە، چەكی قورس و سوك بەكارهاتووە.
پەلامارەكەی ئەمڕۆ بەگەورەترین پەلامار لە ناوچەی" بیئر ئەلعەبد" دادەنرێت لەدوای ساڵی 2013 كاتێك سوپای میسر محەمەد مورسی سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە و ئەژماركراو لەسەر ئیخوانەكانی ئەو وڵاتە لەپۆستەكەی دوورخستەوە.
Xandan-
