هەولێر بەفەرمی بەرپرسێکی باڵای ئەوروپا بانگهێشت دەکات

 هەولێر بەفەرمی بەرپرسێکی باڵای ئەوروپا بانگهێشت دەکات
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بە فەرمیی بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی ئەوروپا داوەتی کوردستانی باشوور دەکات.

دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رای گەیاند، کە رۆژی پێنجشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2016 بە یاوەریی شاندێکی کوردستان لەگەڵ دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا کۆ بووەتەوە.

دلاوەر خالید ئاژگەیی ئاماژەی بەوە داوە، کە لە گفتوگۆکەیاندا لەگەڵ دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس، باسی دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و ئامادەکارییەکان بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ کردووە، وێڕای پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

هەروەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا جەختی لە پشتگیریکردنی گەلی کوردستان کردووەتەوە و بەڵێنی داوە، هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ بەدەستھێنانی پشتگیری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا.

دیمیتریۆس پاپادیمۆلیس لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە پەرلەمانی ئەوروپا ئاگاداری بارودۆخی ھەرێمی کوردستانە و ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بۆ لەخۆگرتنی زیاتر لە 1.8 ملیۆن ئاوارە و پەنابەری کوردستانی رۆژئاوا، عێراق و سووریا.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا باسی قارەمانێتیی هیزەکانی پیشمەرگەی کوردستانی کردووە، کە لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی بووەتەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە ”لە جیاتی ئەوروپاش شەری تیرۆریستانی داعش دەکات“.

دلاوەر ئاژگەیی بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە فەرمیی بانگهێشتی دیمیتریۆس پاپادیمۆلیسی بۆ کوردستان کردووە و ئەویش رایگەیاندووە، کە ”بە خۆشحاڵییەوە و لە کاتێکی نزیک و گونجاودا“، سەردانی کوردستانی باشوور دەکات.










باسنیوز
Top