داعش بۆ ماوەیەک هاتوچۆ لە مووسڵ قەدەغە دەکات

 داعش بۆ ماوەیەک هاتوچۆ لە مووسڵ قەدەغە دەکات
رێکخراوی توندڕەوی داعش هاتوچۆ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە شاری مووسڵ قەدەغە دەکات و چەکدارەکانی بە تەواوی شڵەژاون.

بەپێی زانیارییەکان، چەکدارانی داعش بە شەو چەک و تەقەمەنی لە نیو گەڕەکەکانی شارەکە بڵاو دەکاتەوە، بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ شەڕێکی چاوەڕوانکراو.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە داعش بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی هاووڵاتییان بە پیادە و ئۆتۆمبێل لە کاتژمێر 8ـی شەوەوە تاوەکو کاتژمێر 5ـی سەرلەبەیانی هاتوچۆی هاووڵاتییان بە پیادە و ئۆتۆمبێل داوە.

بەهۆی دڵنیابوونیان لە نزیکبوونەوەی کۆتایی پێهاتنیان لە مووسڵ، چەکدارانی داعش بە تەواوی شپرزە بوون و هەوڵ دەدەن زۆربەی شەقام و کۆڵانەکانی مووسڵ مینڕێژ بکەن، بە مەبەستی تەگەرە خستنە بەردەم هێزە عێراقییەکان لە کاتی رزگارکردنەوەی شارەکە.

بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشی داعشەوە، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.

دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.










باسنيوز
Top