وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچە ڕادەگەیەنێت
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەنێو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13\10\2016، یان ڕۆژی شەممە، وەزارەتی دارایی ناوی ئەو وەزارەت و دەستە و دامەزراوانە ئاشکرا دەکات کە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی مانگی 8 وەردەگرن. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر زۆرترە لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا خشتەکە ڕابگەیەندرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ڕەنگە لە دوو ڕۆژی سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، مووچەی دەزگای گشتیی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، چونکە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە دابەش نەکرا. گوتیشی: ”دواتر وەزارەتەکانی تەندروستی، ناوخۆ و دارایی، ڕەنگە چەند دەستەیەکیش، مووچەیان پێ دەدرێت“.
سەرچاوەکە ئەوەشی نەشاردەوە کە بەهۆی بوونی هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان لە ڕێگەی بەغداوە، ئەگەر هەیە لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش نەکرێت.
باسنيوز
