لیوایەکی عێراقی لە باشیک جێگیر دەکرێت

 لیوایەکی عێراقی لە باشیک جێگیر دەکرێت
لیوایەکی سوپای عێراق لە شارۆچکەی باشیک لە باکووری پارێزگای نەینەوا جێگیر دەکرێت، لە کاتێکدا هێزەکەی سوپای تورکیاش لە هەمان ناوچە جێگیر کراوە.

هاشم بریفکانی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجومەنی پارێخگای نەینەوا رایگەیاند، کە جێگیرکردنی لیوای 16ـی سوپای عێراقی و چەکدارانی هۆزە سوننەمەزهەبەکانی مووسڵ لە باشیک، وەک ئامادەکارییەکە بۆ دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ.

هاشم بریفکانی هەروەها رایگەیاند، کە بە هیچ شێوەیەک رێگا بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب نادرێت بەشداریی شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ بکەن.

جێگیرکردنی ئەو لیوایەی سوپای عێراق لە نزیک باشیک لە کاتێک دایە، کە هێزێکی سوپای تورکیا، کە وەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە میلیشیاکە لە نەینەوا و بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیر کراون، وەک ئامادەکارییەک بۆ رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ و سەرکردە و حزبە شیعەکانی عێراقیش داوای کشانەوەی دەکەن.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هێزەی تورکیا بە داگیرکەر ناودەبات و داوای کشانەوەی دەکات، رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیاش رایگەیاندووە، کە هێزەکەیان لەوێ دەمێنیتەوە و ناکشێتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.




باسنیوز
Top