ئيبراهيم بەحر ئەلعلوم: بەم نزیكانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەكەین
زۆربەری فەرمانبەر و مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان تامەزرۆن وەڵامی ئەو پرسیارە بزانن ئایا بەغدا ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بدات؟ ئیبراهیم بەحر ئەلعلوم، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی شیعە لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت "دەمانەوێ لە راستیی مەسەلەكە تێبگەین كە بۆچی فەرمانبەرانی كوردستان مووچە وەرناگرن و دوادەكەوێ".
بەحر ئەلعلوم گوتیشی "راستە نرخی نەوت دابەزیوە، بەڵام عێراق دەتوانێ مووچە دابین بكات، ئەمە ئەركی پەرلەمانە و دەبێ حكومەتی عێراق ئەم كێشەیە چارەسەر بكات".
بەحرلعلوم هەروەها گوتی "رەنگە پێویست بكات ئەو لێژنەی پێكهێنراوە و منیش تێیدا ئەندامم سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام ئاراستەی حكومەتی عێراق ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان خەرج بكات".
رۆژی 6/10/2016 پەرلەمانی عێراق لێژنەیەكی بەنێوی "دەرخستنی راستییەكان" لەسەر هۆكاری راستەقینەی نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پێكهێنا. ئەم لێژنەیە دەبێ لەماوەی یەك مانگدا راپۆرتی خۆی پێشكەشی پەرلەمان بكات و هۆكارە راستەقینەكان ئاشكرا بكات، لێژنەكە لە 11 ئەندام پێكهاتوون كە چواریان كوردن.
