رەوەندی عێراقی بەرگریی لە بوونی سوپای تورکیا لە نەینەوا دەکات

 رەوەندی عێراقی بەرگریی لە بوونی سوپای تورکیا لە نەینەوا دەکات
هاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا و رەوەندی عێراقی لە تورکیا پشتگیریی تورکیا دەکەن و داوای بەشداریکردنی سوپای ئەو وڵاتە دەکەن لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ.

رۆژی یەکشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2016، رەوەندی عێراقی و هاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا لە تورکیا بەیاننامەیەکیان دەرکردووە و تێیدا رایدەگەیەنن، کە هەوڵی هەموو لایەک بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ بە گرنگ دەزانن ستایشی دەکەن.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تورکیا بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و رۆڵێکی گەورەی لە راگرتنی هاوسەنگیی هێز لە عێراق هەیە.

رەوەندی عێراقی و هاووڵاتییانی نەینەوا لە تورکیا بە پێویستی دەزانن ئۆپەراسیۆنەکە بۆ گەڕاندنەوەی داهاتووی شارەکە بۆ ژێر دەستی خەڵکی شارەکە بێت، تاوەکو دیمۆگرافیای دانیشتووانی مووسڵ تێک نەچێت و مزگەوت و ئاسەوارەکانی مووسڵ نەکەونە ژێر کاریەریی ناکۆکییە تائیفییەکان.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا بڵاویان کردووەتەوە، رەوەندی عێراقی و هاووڵاتییانی نەینەوا لە تورکیا دژایەتیی خۆیان بۆ بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب لە ئۆپەراسیۆنەکە دەردەبڕن و رایدەگەیەنن، ”چەکدارەکانیان نیازی خراپیان بەرامبەر خەڵکی سوننەمەزهەبی مووسڵ هەیە و نامانەوێ داعشێک بە داعشێکی دیکە بگۆڕینەوە“.

رەوەندی عێراقی و هاووڵاتییانی نەینەوا لە تورکیا بەرگریی لە بوونی سوپای تورکیا لە عێراق دەکەن و رایدەگەیەنن، کە سوپای تورکیا بە هەستی ئایدۆلۆژی و تائیفی نەهاتووەتە عێراق، بەڵکو ئێران و میلیشیاکانی بە هەستی تائیفی چوونەتە ناوچە سوننەنشینەکانی عێراق.

هێزێکی تورکیا، هەروەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە میلیشیاکە لە نەینەوا بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیر بوون، وەک ئامادەکاری بۆ رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ و سەرکردە و حزبە شیعەکانی عێراقیش داوای کشانەوەی دەکەن.

دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.

پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.

سەرکردە و هاووڵاتییانی مووسڵ داوا دەکەن، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ نەکەن، ”چونکە رابردوویەکی خوێناوییان هەیە لەگەڵ کوشتنی هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب“.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.











باسنيوز
Top