بزووتنەوەی ئیسلامی: شتێک نەماوە بە ناوی سەروەریی و سەربەخۆیی عێراق و پێنج فراکسیۆنە کوردستانییەکە "مەرامی سیاسی"یان هەیە
کامیل مەحمود، گوتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، رایدەگەیەنێت، کە بزووتنەوە لەگەڵ بوونی هیچ سوپایەکی بیانیدا نییە لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.
کامیل مەحمود، کە لەژێر ناونیشانی ”هەڵوێستی فەرمیی بزوتنەوە“ راگەیەندراوەکەی بڵاو کردووەتەوە، باس لەوە دەکات، کە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان واڵابووە و چەندین وڵات دەستیان لە کاروباری ناوخۆی عێراق وەرداوە و ئەو وڵاتەیان کردووەتە پێگە و شەڕگەی خۆیان.
بزووتنەوەی ئیسلامیی وێڕای دژایەتیی بوونی هیچ سوپایەک لە سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، هەڵوێستوەرگرتن لە بەرامبەر بوونی سوپای تاکە وڵاتێکی دیاریکراو ”مەرامی سیاسی لە پشتە و ناچێتە خانەی خەمخۆری“، چونکە بە چوونە دەرەوەی سوپای وڵاتێک، سەروەریی بۆ عێراق ناگەڕێتەوە.
رۆژی شەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2016، هەر پێنج فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، دژایەتیی خۆیان بۆ بوونی سوپای تورکیایان لە سنووری پارێزگای نەینەوا راگەیاند.
هەڵوێستی ئەو پێنج فراکسیۆنە کوردستانییە هاوشێوەی هەڵوێستی حزب و سەرکردە شیعەکانی عێراقە، کە داوای کشانەوەی هێزە تورکییەکە دەکەن.
ئەو هێزەی تورکیا، هەروەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە میلیشیاکە لە نەینەوا بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیر بوون، وەک ئامادەکاری بۆ رزگار کردنەوەی شاری مووسڵ.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
