بەریتانیا ژمارەیەک سەربازی دیکە دەنێرێتە هەولێر
رۆژی یەکشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2016، میدیا بەریتانییەکان بڵاویان کردووەتە، کە 250 سەربازی دیکەی بەریتانیا لە چوارچێوەی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، دەنێردرێنە شاری هەولێر.
بەپێی زانیارییەکان، ئەرکی ئەو سەربازانە مەسقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ.
ئەرکی ئەو 250 سەربازە، وێڕای مەشقی سەربازی، راهێنانی پێشمەرگەیە لەسەر پووچەڵکردنەوەی مین و بۆمبی چێندراو و دابینکردنی چارەسەری تەندروستیی سەرەتایی بۆ پێشمەرگە دەبێت.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، سەدان سەرباز و راوێژکاری سەربازیی وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئەمریکا، هەنگاریا و چەند وڵاتێکی دیکە بە مەشقکردن و ناردنی کەلوپەلی سەربازی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.
باسنیوز
