ئیسرائیل لە هەوڵی چەسپاندنی هاوپەیمانییەكی ستراتیژییە لەگەڵ میسر و درووستكردنی پێوەندی نهێنی لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی كەنداودا

ئیسرائیل لە هەوڵی چەسپاندنی هاوپەیمانییەكی ستراتیژییە لەگەڵ میسر و درووستكردنی پێوەندی نهێنی لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی كەنداودا
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان جۆزێف ئۆلمێرت بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكا لە واشنتۆن گوتی : نیزامی هەرێمایەتی پاش قۆناغی سەربەخۆیی، بەڕاستی كۆتایی هاتووە، ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدات، داڕووخانی بەشە سەرەكییەكانە. گەورە كۆچكردوو فوئاد عەجەمی بارودۆخی نالەباری عەرەبی لە دەیەكانی پێشوودا باسكردووە، بەڵام ئەمەی ئێستا بارودۆخێكی زۆر نالەبارترە و لێكەوتەی جیهانیشی هەیە، لەبەر ئەوەی ئێستا كێشەی پەنابەرانیش هەیە.


جۆزێف ئۆلمێرت هەروەها گوتی: چوار دەوڵەت لێرەدا وەك یەمەن و لیبیا و عێراق و سووریا دەوڵەتی شكستخواردوون و ئەوانی تریشی لە سەر لێواری ئەوەن بەهەمان شێوەیان لێ بێت. كێشەی سەرەكی مەسەلە تایفەییەكان و بێتواناییە لە چارەسەركردنیدا بە شێوەیەكی دیموكراتییانە، هەروەها گرنگی میراتییەكانی مێژوویەكی درێژ لە رق و كینە و ناكۆكییە. هەموو ئەو ئایدیۆلۆژییانەی تاقیكراونەتەوە شكستیان هێناوە، جا چ سۆشیالیزمی عەرەبی، یان پان عەرەبیزم بێت. لە بارودۆخێكی ئاوادا خەڵك هەوڵدەدات پەنابەرێتە بەر ئاستە سەرەتاییەكانی هاوكاری كۆمەڵایەتی و ئایین. تەیاری ئیسلامی وەك چارەسەرێك بۆ ماوەیەكی كەم لە میسر تاقیكرایەوە لە ژێر دەستی محەمەد مورسی و ئەویش بەخراپی شكستی هێنا. ئەو بیرۆكەیەی كە سەقامگیریی سیاسی مەرجی سەرەكی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە تێكدراوە، لەبەر ئەوەی سەقامگیریی بەبێ رەوایەتی بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام نابێت، هەرچەندە بۆ ماوەیەكی درێژیش سەركەوتوو بێت.

شايانى باسه ئۆلمێرت هەروەها گوتی: ئەمریكا لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆك ئۆباما-دا لەیەكترازاوە، بەڵام رەنگە شتەكان لە ماوەی ساڵێكدا بگۆڕێت. راستییەكە ئەوەیە ئەمریكا زۆر بە خراپی لە داگیركردنی عێراقدا لە ٢٠٠٣دا شكستی هێنا و ئەم شكستە بووە هۆی هێنانە كایەی گۆڕانكاری لە تێگەیشتنی رای گشتی ئەمریكا سەبارەت بە رۆڵی ئەمریكا لە سیاسەتی جیهانیدا. هەرچەندە لە رووی نەریتییەوە بە پێویست دەرنەبڕاوە، بەڵام سیاسەتی گۆشەگیری هاتەوە ریزی پێشەوەی گوتاری سیاسی و گشتی لە ئەمریكادا. با راستگۆ بین سەبارەت بەمە، ئەو پرسیارە بنەڕەتییەی كە لە شكستی ئەمریكا لە عێراق هاتەئاراوە، رەگی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەكان. ئایا هێزێكی بیانی چەند بەهێز بێت، دەتوانێت سیستەمی سیاسی و كۆمەڵایەتی باش دامەزراو ناچار بە گۆڕان بكات لە ناوەوە؟ ئەمە پرسیارێكی گەورەیە و من پێموایە گۆڕانی راستەقینە تەنیا لەناو كۆمەڵگەكان خۆیاندا روو دەدات و كاریگەری دەخەنە سەرخۆیان، بەڵام وڵاتانی عەرەبی زۆر لاوازترن لەوەی ئەمە بكەن، بۆیە من گەشبین نیم، لەوانەیە میسر لە ژێر دەسەڵاتی سیسی-دا بتوانێت ئەمە بكات، بەڵام چاوەڕێ دەكەین بزانین چی دەكات.

لە درێژەی قسەكانیدا جۆزێف ئۆلمێرت دەڵێ: سعودیە و ئێران لەپێكداداندان، لەبەر ئەوەی ئەم دوو سیستەمە نوێنەرایەتی دوو كۆڵەكەی سەرەكی جیهانی ئیسلامی دەكەن، كە ئەویش سوننە و شیعەیە. لەلایەكی ترەوە وادەردەكەوێت. ئەو جەختكردنەوەی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەمریكا زیاتر بووبێت و ئەمەش وایكردووە سعودیە واهەست بكات لەلایەن ئەمریكاوە دەستخەڕۆكراوە، هەروەها گرنگە بزانین كە سعودیە كەمینەیەكی شیعە هەیە و دەترسێت لە دروستبوونی هیلالی شیعە هێشتا سعودیە و ئێران سامانی نەوتیان هەیە، بەڵام ئەمە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام نابێت، لەبەر دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی لەسەرخۆی ئیعتمادی جیهان بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. من خۆزگە دەخوازم سعودیە بگاتە ئاستی ئێران، بەڵام زۆر بە هێزی سەربازی سعودیە سەرسامم و لە هەڕەشەكانی دەستێوەردانیان لە سووریادا خۆشحاڵ نیم. هەرچەندە زۆر سەرسام نیم بە دەسەڵاتی سەربازی ئێران، بەڵام لە هی سعودیە باشترن.

لە كۆتایی قسەكانیدا جۆزێف ئۆلمێرت دەڵێ: ئیسرائیل ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە بەهۆی رووداوەكانی ئەم دواییە لە وڵاتانی عەرەبی دروست بووە. ئیسرائیل بە چەسپاندنی هاوپەیمانی ستراتیژیی رانەگەیەنراو لەگەڵ میسر پێوەندییە هەرێمایەتییەكانی فراوان دەكات و ئاشتی لەگەڵ ئەردەن-دا دەپارێزێت و پێوەندی نەرێنی و گرنگ لەگەڵ سعودیە و وڵاتانی تری كەنداو دروست دەكات، تەنیا هۆكاری هاوبەش هەڕەشەی هاوبەشی ئێرانە. لە هەمان كاتدا ئیسرائیلییەكان هێڵی سووری رانەگەیەندراویان لە سووریا و لوبنان درووست كردووە، بە مەبەستی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی شەڕەكە بۆ ناوچەكانی خۆی. بۆیە بارودۆخەكە زۆر نائارامە. ئیسرائیلییەكان دۆزینەوە نوێیەكانیان لە بواری وزەدا بەكاردێنن بۆ فراوانكردن و زیادكردنی پێوەندییەكانیان لە دەریای ناوەڕاستدا، بەم زووانەش پێوەندییەكانیان لەگەڵ توركیادا دەگەڕێننەوە، ئەمەش لە پێگەی لاوازییەوە ناكەن. رژێمی ئەردۆگان لە ئێستادا پێوەندییەكی لاوازە، بۆیە هێشتا ئیسرائیل پێویستە زیاتر هەوڵ بدات، بەتایبەتی بە پاڵپشتی كوردەكان بێ گوێدانە ناڕەزاییەكانی سوڵتانە بچووكەكە لە ئەنقەرە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1063)


Top