کەنەدا: بەردەوام دەبین لە مەشقپێکردنی پێشمەرگە

 کەنەدا: بەردەوام دەبین لە مەشقپێکردنی پێشمەرگە
حکومەتی کەنەدا رایگەیاند لەمانگی داهاتووەوە دەستدەکەن بە راهێنانی پێشمەرگە بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و هەموو پاڵپشتییەکی سەربازی پێشمەرگەش دەکەن.

جۆناتان ڤانس، سوپاسالاری کەنەدا کە هاوکات فەرماندەی هێزی ئامادەیی وڵاتەکەشە، لە کۆنفرانسی یەکێتی هێزەکان لە ئۆتاوای کەنەدا رایگەیاند: "وڵاتەکەمان لە هاوکاریکردن و مەشقپێکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، کەنەدا دەیەوێت پێشمەرگە بۆ شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ رابهێنێت و پێشمەرگە لەسەر شەڕی کۆڵان بە کۆڵان رادەهێنین".

سوپاسالاری کەنەدا زانیاری زیاتری ئاشکرا کرد و رایگەیاند "رەنگە لەمانگی داهاتووەوە دەست بە مەشقەکان بۆ شەڕی موسڵ بکەین، بەڵام هاوکاریمان بۆ پێشمەرگە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت، چونکە دەمانەوێت بەهاوکاری کوردانی عێراق، دڵنیا ببینەوە لە لەنێوبردنی داعش و هاوکاربین بۆ بنەبڕکردنی ئەو رێکخراوە."

ڤانس ئاشکراشی کرد "هێزە کەنەدییەکان بەردەوام دەبن لەکارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ هاوکاری و راوێژکردن بەو هێزانەی شەڕی داعش دەکەن و دەمانەوێت پێشمەرگە لە سەرکەوتنەکانی لە شەڕی داعش بەردەوام بێت."

رۆژی پێنجشەممە 18ـ2-2016 کەنەدا بە فەرمی رایگەیاند "ئەرکی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە شەڕی دژی داعش کۆتاییهاتووە و فڕۆکەکان دەگەڕێنەوە وڵاتەکە، بەڵام ئێستا کەنەدا بە پلانێکی دیکە بەشدارە لە شەڕی داعش، پلانی کەنەدا زیادکردنی ژمارەی سەرباز و راهێنەرانی سەربازی وڵاتەکەمانە لە عێراق".

هەفتەیەک لەمەوبەر کەنەدا پلانی خۆی بۆ مانەوە لەنێو هاوپەیمانی نێودەڵەتی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "180 راهێنەری سەربازی دیکە رەوانەی عێراق دەکەن".

جەستن ترودیو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند: "140 سەرباز و راهێنەری دیکەیان بۆ دەنێرین، ئێستا کەنەدا لە هەموو عێراق650 سەرباز و راهێنەری هەیە و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەکەن، بەڵام بەگوێرەی پلانە نوێیەکە ژمارەکە دەبێتە850 سەرباز، واتە180 سەربازی دیکە زیاد دەکەین و 140 سەرباز و راهێنەریش دەنێرینە هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری پێشمەرگە".

ئامادەکارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ بەردەوامە کە لەناوەڕاستی مانگی 6-2014-ەوە لەژێر کۆنترۆلی چەکدارانی داعشدایە، وەزارەتی پێشمەرگە و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە پێشمەرگە بەشداریی شەڕی موسڵ دەکات، بەڵام جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە پێش چەند رۆژێک بە رووداوی راگەیاند " کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دیار نییە".

لەلایەکی دیکەوە سوننەکانی عێراق پێشوازی خۆیان لە بەشداریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی موسڵ راگەیاندووە.لە کۆنگرەی هۆزەکانی نەینەوا کە رۆژی هەینی 19-2-2016 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، هۆزەکانی نەینەوا داوایان لە وڵاتانی هاوپەیمانان کرد، کە هاوکاری پێشمەرگە و چەکدارانی هۆزەکانی سوننە، کە لەژێر ناوی حەشدی نیشتمانی کۆکراونەتەوە بکەن، ئەوان رەتیشی دەکەنەوە حەشدی شەعبی بەشداریی شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ بکات.









رووداو
Top