فراكسیۆنی پارتی وەڵامی بەیاننامەی 5 فراكسیۆنەكە دەداتەوە
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت "ئەوان باسی تەقەكردن لە بارەگای حیزبەكان دەكەن و ناوی هیچ لایەنێكی سیاسیان نەهێناوە، دیارە مەبەستیان بارەگاكانی پارتییە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كە تەقەیان لێدەكرێت".
بەپێی قسەی ئومێد خۆشناو، رووداوەكەی مزگەوتی قادر خۆشناو هیچ پەیوەندییەكی بە بیروڕای سیاسی و ناڕەزاییەتی دەربڕین نەبووە و دەڵێ "وەك بەڕێوەبەری پۆلیس رایگەیاندووە، بابەتەكە پەیوەندی بە رووداوی كۆمەڵایەتییەوە هەبووە و هیچ پێویستی بە موزایەدی سیاسی و بەیاننامە بڵاوكردنەوە نەدەكرد".
فراكسیۆنی پارتی وەڵامی بەیاننامەی 5 فراكسیۆنەكە دەداتەوە و رایدەگەیێنێ "دروشمبازی ئەوان بوو ئەم وڵاتەی گەیاندە ئەمڕۆ". رۆژی هەینی 19-2-2016، هەر پێنج فراكسیۆنی (گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی) لە پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەبارەی دۆخی ئەمنی شاری هەولێر بڵاوكردەوە و رایانگەیاند "ئەم دۆخە ئاڵۆزە لەئەستۆی دەسەڵاتدارانی شاری هەولێرە". فراكسیۆنی پارتیش وەڵامیان دەداتەوە.
رۆژی هەینی 19-2-2016، لە مزگەوتی مەلا قادر خۆشناو دوای نوێژی هەینی شەڕ درستبوو، لە رووداوەكەشدا تەقە كرا، مەلا نادر كانی كوردەیی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەكە رایگەیاند "لەبەرئەوەی رەخنەم گرت لەم دۆخەی ئێستای كوردستان، دوای خوتبەكەم كۆمەڵێك كەس هاتن بۆ لام و سووكایەتییان پێكردم و جنێویان پێدام، هێرشیانكردە سەر خۆم و كوڕەكەم، تەقەیان بەسەر مندا كرد و بە دەمانچە لە كوڕەكەمیان دا و ئێستا كوڕەكەم بریندارە".
لیوا عەبدوڵخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەو قسانەی رەتكردەوە و بە رووداوی گوت "دوای ئەوەی مامۆستای مزگەوتەكە خوتبەكەی تەواو دەكات، هەندێ كەس كە لەناو مزگەوتەكە بوون لەگەڵ كوڕی مەلاكە دەبێتە دەمەقاڵێ و شەڕیان و شەڕە تەقەش لەنێویاندا روویداوە، هەروەها هیچ هێزێكی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش لەوێ نەبوون و نەچوونەتە نێو مزگەوتەكەوە".
رووداو-
