نێچیرڤان بارزانی بۆ عەبادی: ئەگەر مووچەت پێدەدرێت نەوتت رادەست دەکەین

 نێچیرڤان بارزانی بۆ عەبادی: ئەگەر مووچەت پێدەدرێت نەوتت رادەست دەکەین
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "قسەکانی عەبادی بۆ وروژاندنی دۆخی هەرێمی کوردستانە و دەکرا لە کۆبوونەوە هاوبەشەکان قسەی لەسەر کرایە نەک راگەیاندن". گوتیشی: "شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرن، ئێمەیش نەوتیان رادەست دەکەین".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی، لە وەڵامی پەیامنێری(تۆڕی میدیایی رووداو) بۆ قسەکانی عەبادی رایگەیاند: "ئەوەی سەرۆکوەزیران عەبادی باسی کرد لەگەڵ رێزم بۆی پێمانوایە کە نەدەکرا لە راگەیاندنەکانەوە ئەو قسانە بکات، دەکرا لە کۆبوونەوە هاوبەشەکان کە ئێمە پێشتر لە بەغدا بووین قسەی لەسەر بکەین، یان دەکرا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن کە پێکەوە کۆبوونەوە، ئەو باسانە بکرێت".

نێچیرڤان بارزانی بەگومانەوە دەڕوانێتە قسەکانی عەبادی و رایگەیاند: "ئێمە پێمانوایە زیاتر ئەو قسانە بۆ وروژاندنی دۆخی کوردستان بوو تاوەکو مەبەستێکی دیکەی هەبێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی عەبادی و گوتی: "ئێمە رامانگەیاندووە ئەگەر لەلایەن بەغداوە ئەو مووچەیەی کە شایستەی هەرێمی کوردستانە و خۆی لە زیاتر لە 800 ملیار دینار دەدات جێبەجێ بکەن و بینێرن، ئێمە لە پرسی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوودڵ نین و ئامادەین ئەوە جێبەجێ بکەین".

حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە، رایگەیاند: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو نەوتەکەیان رادەستی حکومەتی ناوەند بکەن، ئێمە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەین".

لە رۆژی 16-2-2016 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی قسەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی دایەوە و رایگەیاند: "پێشنیارى به‌ڕێزیان قبوڵ ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ دابینكردنى ته‌واوى مووچه‌ى فەر‌مانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تى فیدراڵى عیراقه‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 1ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌سه‌ و بۆ هه‌ر مانگێك پێویستى به‌ 890 ملیار دیناره‌، كه‌ له‌م پاره‌یه‌ بڕى (336 ملیار دینار) بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌".





رووداو
Top