نێچیرڤان بارزانی: هەڕەشەکانی پەکەکە لە سەر بۆڕیی گازی سرووشتی جێگای قەبوڵ نییە

 نێچیرڤان بارزانی: هەڕەشەکانی پەکەکە لە سەر بۆڕیی گازی سرووشتی جێگای قەبوڵ نییە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە نییە. ئەوەشی دووپات کردەوە کە لە مانگەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری لە خشتەی مووچەدا دەکەن.



“نێچیرڤان بارزانی”، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند، ئەو قسانەی “حەیدەر عەبادی”، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندنەکان کردی، کارێکی خراپ بووە و دەکرا لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یان لە کۆبوونەوەکەی عەبادی و “مەسعود بارزانی”، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن، بکرایە. گوتیشی: “پێمانوایە قسەکانی عەبادی بۆ ورووژاندنی وەزعی کوردستان بووە، ئێستاش ئەگەر بەغدا شایستە داراییەکانمان پێ بدات کە خۆی لە نزیکەی 800 ملیار دینار دەبینێتەوە، ئێمە دوودڵ نین لە ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا”.



هەر لەو لێدوانەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بڕیاری چاکسازی ڕایگەیاند، چاکسازییەکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە شەو و ڕۆژێکدا ئەنجامەکەی دەرناکەوێت، چونکە پرۆسەیەکی درێژە و دەبێت ڕیشەیی بێت. سەبارەت بە مووچەش گوتی: “کەموکورتی لە خشتەی نوێی مووچە هەیە، بەڵام ئێمە بەپێی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گۆڕانکاری لەو خشتەیەدا دەکەین، بۆ نموونە شێوازی خشتەی مووچە لە مانگی 1 بۆ مانگی 2 جیاوازی تێدا کراوە و بەپێی ئەولەویەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستکاری خشتەکە دەکرێت، چونکە پێمانوایە ئەولەویەتی ئێستا، هێرشەکانی داعش و دابینکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە”.



لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا “نێچیرڤان بارزانی” دووپاتی کردەوە، سەرجەم پڕۆژەکان بە سینگ فراوانییەوە وەردەگرن و ئەوەی جێبەجێ بکرێت، ئەوا بە جددی وەری دەگرن.



هاوکات لەبارەی هەڕەشەکانی پەکەکە بۆ تەقاندنەوەی بۆڕییە گازەکەی هەرێمی کوردستان، گوتی: “لێدوانەکەی پەکەکە درووست نییە، ئەمە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، چاوەڕێ نەبووین پەکەکە دژایەتی ئەم پرۆسەیە بکات، چونکە ئەم پرۆسەیە بە قووتی خەڵکی کوردستانەوە بەندە، دواتر پرۆسەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی لە ڕووی عەمەلییەوە دەستی پێ نەکردووە، بۆیە ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە ناوخۆی کوردستانەوە هەیە و دەبێت پەکەکە دەست تێوەردان نەکات، قەبووڵیشی ناکەین و لەبەرژوەندیی ئێمە و ئەوانیشدا نییە”.





باسنیوز
Top