حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ڕاپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌داته‌وه‌

 حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ڕاپۆرته‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌داته‌وه‌
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێكی كوردستان، سەبارەت بە بڵاوکراوەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەسەر رەوشی خەڵکی سڤیل لە ناوچەی شنگال ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و تێیدا ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی عەرەبی سوننە، لە ناوچەی شنگال لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش گیریان خواردبێ.


رۆژی 16ی شوباتی 2016، نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوکراوەیەکیان سەبارەت بە رەوشی ژمارەیەک عەرەبی سڤیلی ناوچەی شنگال بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باس لەوە دەکەن کە 559 هاووڵاتی عەرەبی سوننە لە ناوچەی شنگال لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش گیریان خواردووە و لە 4ی شوباتەوە خۆراک و ئاویان پێنەگەیشتووە. هەر لەمبارەوە، رۆبێرت کۆلڤیلی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت بەگوێرەی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتیانەی سەبارەت بە ناوچەکە بڵاودەکرێنەوە پێشمەرگە رێگە بەم خەڵکە سڤیلە نادات بڕۆنە ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە. کۆلڤیلی داوا لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەدواداچوون لە راستی ئەو هەواڵانە بکات و ئەگەر درووستە ژیانی ئەو خەڵکە سڤیلە بپارێزێت کە لەم نێوەندەدا گیریان خواردووە.

دیندار زێباری، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لەمبارەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیەوە پابەندە بە پرینسیپ و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە کاتی جەنگدا و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین خولی راهێنان و وشیارکردنەوە بە هێزەکانی پێشمەرگە دراوە، سەبارەت بەم راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتوەکانیش دووپاتی دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی جددی بۆ رەوشی ئەو ناوچانە و هاتنی بەردەوامی خەڵکی سڤیل دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت بەو ئەرکە مرۆییە هەڵسێت بە لەبەرچاوگرتنی تەحەدیاتی ئەمنی، ئەگەر هەندێک کەیسی تایبەتیش هەبێت ئەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی رێگاچارەن بۆ مەبەستی هاوکاری ئەو هاووڵاتیانەی کە پێویستیان بە یارمەتیدانی پێشمەرگە هەیە".

لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری، وە هەروەها ناوچەکانی کەرکوک، موسڵ، تەلەعفەر، گوێڕ و مەخموور رێگەیان بە هەزارن هاووڵاتی عەرەبی سوننە داوە کە بێنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەوە و هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بۆ دابینکردوون، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی هۆکاری ئەمنی و رەوشی ئەمنی ناوچەکە پێشمەرگە دووچاری گیروگرفت و ئاستەنگی ئەمنی بووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە کە نیگەرانی هێزەکانی پێشمەرگە لەمبارەوە دزەکردنی ژمارەیەک لە چەکدارانی داعشە بۆ ناوچەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ئەو بنەماڵە عەرەببە سوناننەی کە لێرەدان. بۆ نموونە چەندین بنەماڵەی هاووڵاتی عەرەب هەن کە دەکەونە ناوچەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش لە ناوچەی شنگال، لێرەدا هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بەتایبەتی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوانە خاچی سووری نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان لەرووی دابینکردنی خزمەتگوزاری و داوایان لە خاچی سوور کردووە کە کار بکەن بۆ دڵنیا بوونەوە لە ناسنامەی ئەو خەڵکە، لەبەرئەوەی خەڵکێکی زۆری ناوچەکانی دەوروبەری موسڵ و تەلەعفەر پێشوازیان لێکراوە و مەترسی ئەوەش هەیە داعش دزەی کردبێتە نێوانیان، چونکە ئەم ناوچانە شەڕی زۆریان تێیدا رووداوە و ئەگەری ئەوە هەیە خەڵکەکەی بە ناچاری هاوسۆزییان بۆ داعش هەبێت.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت:" هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام پێشوازییان لەو خانەوادە عەرەبانە کردووە کە روویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە و سەرەڕای سەختی بارودۆخی ئابووری، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵیانداوە پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ دابین بکەن، تەنانەت پێش ئەوەی ئەم خانەوادە عەرەبانە بگەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، هێزی پێشمەرگە یارمەتیداون. سەرەرای هەموو ئەمانەش هەرچەندە زۆر لە خانەوادەکان کەتوونەتە هێڵی تەماس، بەڵام دەزگا خێرخوازییەکان لەوانەش دەزگای خێرخوازی بارزانی سەرباری مەترسییەکان هاوکاری گەیاندۆتە هێڵەکانی تەماس و لەگەڵ رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی وەک لایەنی سێیەم لە هەماهەنگیدابوون لە بەرەکانی جەنگ بۆ ئەوەی هاوکاریان بن و داواشیان لێکراوە کە دڵنیایی بدەنە ئەو خانەوادانەی کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی داعش ماون بۆ ئەوەی روو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بکەن گومانیان نەبێت لەوەی سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت.

لە روونکردنەوەی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە کە بەشێک لەو خەڵکانە کەتوونەتە هێڵەکانی تەماس کە شەڕی تێدا روودەدات و مین و خەندەقیشی لێیە و لە پشتەوەی ئەو خەڵکە تیرۆریستانی داعشی لێیە ئەمەش رێگرە لەبەردەم ئەوەی کە خاچی سوور و رێکخراوەکانی دیکە بتوانن سەردانیان بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی کە هاتوچۆی داعش ناکەن یاخود زانیاری لە نێوانیان ئاڵۆگۆڕ ناکرێت. هەروەها داعش وەک تاکتیکێکی سەربازی هەوڵ دەدات بزانێت لە چ خاڵێکەوە دەتوانێت سەنگەرەکانی پێشمەرگە ببەزێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بە سەدان خانەوادەش روویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە و دوای ئەوەی دڵنیابوون لەوەی کە لە رووی ئەمنییەوە مەترسی نین لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە بەو پەڕی رێزەوە پێشوازییان لێکراوە و ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵیش لەو رووەوە ئاگاداری رەوشی هێڵەکانی تەماس و ئەو تەحەدییانەیە کە رووبەرووی دەزگا ئەمنییەکان دەبێتەوە.

سەبارەت بە سنووری میحوەری کەرکوک زێباری گووتی: "خەڵکێکی زۆر لە هاووڵاتییە عەرەبەکان بەتایبەتی عەرەبەکانی حەویجە روویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام پێشوازییان لێکردوون. ئەم خانەوادانە بە رێگای جۆراوجۆر و لە رێگای هێڵەکانی تەماسەوە هەوڵدەدەن بێنە ناوچەکانی پێشمەرگە، ئەمەش مەترسییەکی زۆر لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە درووست دەکات، چونکە لە رووی ئەمنییەوە ناکرێت پێشمەرگە سەنگەرەکانی خۆی بکاتەوە".

بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی ئەمنی سنووری میحوەری کەرکوک زێباری گووتی: "هێزەکانی پێشمەرگە چەندین تیرۆریستیان دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە لە رێگای خەڵکەوە بێنە ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هەروەها داعش لە دوورەوە چاودێری ئەوان دەکات کە لە رێگای سەنگەر و هێڵەکانی تەماسەوە دێن". هەر بۆیە بەرپرسە ئەمنییەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە یوئێن و رێکخراوەکانی دیکە هاوکاربن لە پاراستنی ئەم خەڵکە و کەمپیان بۆ بکەنەوە بۆ نیشتەجێ بوونیان و یارمەتییان پێشکەش بکەن، چوونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان روویان لە شارەکان کردووە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لە هەموو روویەکەوە درووست کردووە، بەڵام لە کەمپەکاندا کۆنتڕۆڵ کردنیان ئاسانتر دەبێت.

سەبارەت بە ئاوارەکانی ناوەڕاستی عێراق سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: "پێشوازیمان لە سەدان خانەوادەی عەرەب کردووە کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و پاش ئازاد کردنەوەی بۆ نموونە تکریت. بەشێکی زۆری ئاوارەکانی تکریت گەڕاونەتەوە و لەسەر رێگای لەیلان و نزراوە دوو کۆمەڵگا هەن کە لە ئێستادا ئاوارەی تێدایە کە هەموویان پێشتر دانیشتویی حەویجەبوون، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکان دەتوانن بێن سەردانیان بکەن بۆ بە دواداچوونی راستییەکان و بۆ ئەوەی بزانن کە تا چ رادەیەک هێزە ئەمنیەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی كوردستان هاوکاربوون لە حەوانەوە، نیشتەجێبوون و پاراستنی ئەم خەڵکە سڤیلە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە".

بەڵام پێویستە ئەمە روون بکرێتەوە بۆ ئەو خەڵکەی لە هێڵەکانی تەماسەوە هەوڵ دەدەن روو لە هەرێم بکەن، کە لە زۆربەی ئەم ناوچانەدا خەندەق و ئاو هێزەکانی پێشمەرگە و داعش لەیەکدی جیا دەکاتەوە، هەروەها ناوچەکەش مینڕێژکراوە بۆیە زەحمەتە بتوانرێت وەکو پێویست لەو خاڵانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەبێ ئاستەنگ پێشوازی لەو ژمارە زۆرە لە خەڵکی مەدەنی بکرێت پێش ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە داعش دزەی نەکردووەتە نێوانیان و لەرووی زانیاری و هەواڵگری داعش سوود لە رەوشەکە وەرناگرێت.

لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەموو میحوەرەکان پێشمەرگە باپێێ رێنماییەکان پێشوازی لە خەڵکی (سڤیل) کردووە و بەدواداچوونی خۆی هەبووە بە گوێرەی میحوەرەکان و بەرەکانی جەنگ، چونکە بە هۆی پێکهاتەی دیمۆگرافی و جوگرافیای ناوچەکان هەر میحوەرێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. سەبارەت بە هەندێک حاڵەت کە گوایە ئاستەنگی ئەمنی لەپێشیانە و دەیانەوێت بگوازرێنەوە بۆ ناوچە ئارامەکان، لێرەدا دووپاتدەکەینەوە مەترسی کاردانەوە لەسەر ئاستی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە بەتایبەتی کە بەشێک لەخەڵکی ئەم ناوچانە لە پرۆسەی جینۆسایدی ئێزیدییەکانەوە گلاون، بۆیە چاوەڕواندەکرێت کاری تۆڵەسەندنەوە رووبدات لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانەوە و ئەگەری هەیە ئەم هەلە بقۆزنەوە لە تێکەڵ بوونی خەڵکەکە بەتایبەتی لەم قۆناغەدا کە قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدارە لەسەر ئاستی پێکهاتەکان.

ژمارەى گشتى ئەو گوندانەى کە دەکەونە باکوور و باشوورى چیاى شنگال ژمارەیان (197) گوندە کە پێکهاتەکانیان بەم شێوەیەیە (باکورى چیاى شنگال) گوندە کورد وعەرەبنشینەکان ژمارەیان(59) گوندە کە (35) گوندیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانى خۆیان. بەڵام (23) گوند بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی دانشتوانەکەى نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. سەبارەت بەو گوندە عەرەبنشینانەی کە دانیشتوانەکانیان لە دژى پێشمەرگە وەستاون و شەڕیان کردووە ژمارەیان (26) گوندە. (باشورى چیاى شنگال) گوندە کورد وعەرەبنشیناکان ژمارەیان (32) گوندە کە (20) گوندیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانى خۆیان. بەڵام (12) گوند بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی دانشتوانەکەى نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. سەبارەت بەو گوندە عەرەبنشینانەی کە دانیشتوانەکانیان لە دژى پێشمەرگە وەستاون و شەڕیان کردووە ژمارەیان (80) گوندە.









باسنيوز
Top