فواد مه‌عسوم: به‌م زووانه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ره‌و باشی ده‌چن
ئه‌مڕۆ له‌دیداری ژماره‌یه‌ك میدیاكاری ناسراوی عێراقیدا، سه‌رۆككۆمار متمانه‌ی خۆی نیشاندا به‌توانای عێراقییه‌كان له‌به‌رده‌وامیدان به‌سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆریسته‌كاندا، شانبه‌شانی توانای عێراقییه‌كان له‌تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی و له‌قاڵبدانی كاردانه‌وه‌كانی له‌سه‌ر بارودۆخی ژیانی ئه‌وانه‌ی داهاتیان سنورداره.
سه‌رۆككۆمار پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و پاكێجی چاكسازییه ڕاگه‌یاند كه "حه‌یده‌ر عه‌بادی" پێشكه‌شی كرد. داوایشی كرد ئه‌وانه‌ی پۆسته وه‌زارییه‌كانیان پێده‌درێت، كه‌سانی خاوه‌ن توانا‌و ناسراو بن به ده‌ست پاكی و سه‌ربه‌خۆیی، داوای له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش كرد، كه‌له‌كاتی ده‌نگدانیان له‌سه‌ر پۆسته تازه‌كان ڕه‌چاوی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه بكه‌ن. هاوكات ڕه‌خنه‌ی له‌وه‌شگرت كه هه‌ندێ له‌حیزبه‌كان وه‌زاره‌ته‌كانیان كردووه به‌موڵكی حیزبه‌كانیان.
سه‌رۆككۆماری عێراق باسی له‌وه‌شكرد كه‌پێویسته دانوستانی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان فراكسیۆنه‌كاندا به‌رده‌وام بێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه به‌م نزیكانه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ندی به‌ره‌و باشی ده‌چن، چونكه هه‌ردوولایان پێویستیان به‌یه‌كتر هه‌یه. هه‌ردوولایان هاوبه‌شن له‌یه‌ك نیشتماندا.
باس‌نیوز
