کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی‌ و لایەنەكان دواخرا

 کۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی‌ و لایەنەكان دواخرا
كۆبوونەوەی بارزانی‌ و لایەنە سیاسییەكان كە بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 17-2-2016 ئەنجام بدرێت، جارێكی دیكە دواخراوە. ئایدن مەعروف، لێپرسراوی مەكتەبی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند : بەهۆی نەگەڕانەوەی كاك مسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وڵات، كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە".

ئایدن مەعروف راشیگەیاند: "تاوەكو ئێستا دیارنییە كۆبوونەوەی مسعود بارزانی‌ و لایەنەكان بۆ چ كاتێك دواخراوە. كۆبوونەوەکە هەر دەكرێت، چونكە لە كۆبوونەوەی یەكەمدا بڕیار لەسەر ئەو دراوە كۆبوونەوەی دووەم بكرێت، بەڵام كاتەكەی دیارنییە".

بەپێی زانیارییە نافەرمییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، بارزانی كە بۆ بەشداریكردن لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رۆژی 11-2-2016 چووە ئەڵمانیا، رەنگە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە لە ئەوروپا بمێنێتەوە.

ئایدن معروف لەو بڕوایەدا نییە یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری كۆبوونەوەی داهاتووی بارزانی‌ و لایەنە سیاسیەكان نەكات و گوتی "بوونی یەكگرتوو لە‌و كۆبوونەوانەدا زۆر پێویستە، چونكە ئەو حیزبە رۆڵی ناوبژیوانی دەبینێ‌، بۆیە كشانەوەی لەو كۆبوونەوانەدا باش نییە، حیزبەكانیش بە كۆبوونەوە ‌و گفتوگۆكردن دەگەنە ئەنجام، نەك وەك ئەوەی لە راگەیاندنەكانەوە قسە بۆ یەكدی بكەن".

بڕیاربوو كۆبوونەوەی دووەمی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان 6 ئەم مانگە بكرێت، بەڵام بۆ 7ی مانگ دواخرا، دواتر بۆ دەرفەتدان بە لایەنەكان بۆ بیركردنەوە و گفتوگۆی زیاتر بۆ 18-2-2016 دواخرا.

رۆژی 26/1/2016 ، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حیزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا بزووتنەوەی گۆڕان‌ و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارییان نەكرد، بەڵام بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت بڕیار لەسەر پێكهێنانی كۆمیتەیەكی 9 كەسی درا. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش كشانەوەی لە كۆمیتەكە راگەیاند و بەشێك لە بەرپرسانی ئەو حیزبەش دەڵێن هاوشێوەی گۆڕان و كۆمەڵ بەشداری كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنەكانیش ناكەن.









رووداو
Top