پەرلەمانی كوردستان لەسەر لێدانی پزیشكەكەی هەولێر دێتە دەنگ
ئەمڕۆ چوارشەممە 17 – 2 – 2016 د. "شیرین حسنی" بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند: من بە هەموو شێوەیەك دژی بایكۆتكردنی كاری پزیشكەکاانم، چونكە كاری ئەوان كارێكی ئینسانییە و ڕەخنەی توندیش لە وەزارەتی تەندروستی دەگرێت كە تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێكخستن لە دەوامی پزیشكان بكەن لە نەخۆشخانەكاندا و دەشڵێت چۆن دەبێت لەبەر مانگرتن و بایكۆتكردن منداڵی نەخۆش چارەسەر نەكرێت."
بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەش دەخاتەڕوو: كە ئەوان نە لەگەڵ ئەوەن كە مافی پزیشكان پێشێل بكرێت نە لەگەڵ ئەوەشن كە پزیشكان چارەسەری نەخۆشیی هاووڵاتیان نەكەن و دەشڵێت پێویستە وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێك بێنێت، ئەگەر بەهۆی بایكۆتكردنەوە لەو پزیشكە پسپۆڕە درابێت، ئەوا نابێت لێپرسینەوە لەگەڵ هاووڵاتییەكەدا بكرێت."
ئاماژەی بەوەش دا "دەبێ ئەو پزیشكە سزا بدرێت كە منداڵی نەخۆشی ئەو هاووڵاتیەی چارەسەر نەكردووە و وای كردووە ئەو هاووڵاتیە هێرش بكاتە سەری، لەگەڵ ئەوەشدا داوای ڕێزگرتن لە پیشەی پزیشكی و هەموو پزیشكان لە نەخۆشخانەكاندا دەكات."
باسنیوز
