بەرپرسێکی یاسایی پارتی دیموكراتی كوردستان : چاکسازییەکانی سەرۆك بارزانی بەسەر ھەموان جێبەجێ دەکرێت

بەرپرسێکی یاسایی پارتی دیموكراتی كوردستان : چاکسازییەکانی سەرۆك بارزانی بەسەر ھەموان جێبەجێ دەکرێت
ڕۆژی ١٠ی شوباتی ٢٠١٦، مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجیا و لە دوو پرۆژەی جیاوازدا، چەند بڕیارێکیی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەرکرد، ئەو بڕیارانەش جۆرێک لە ئومێد و گەشبینی و ھەروەھا پرسیاریشی بەدوای خۆیدا ھێنا.

بەپێی بڕیارە چاکسازییەکانی بارزانی بۆ حکوومەت، دەبێت پێداچوونەوە بە ھەیکەلی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاریی حکوومەت بکرێت و زێدەرۆییەکانی سەر موڵکی حکوومەتیش لابدرێن و پێداچوونەوەش بە داھاتەکانی کوردستان بکرێت و کۆمپانیاکانیش ھاوکاریی حکوومەت بکەن.

ئەو بڕیارانەی بارزانی بۆ حکوومەت دەری کردووە، پاڵپشتە بە یاسای ژمارە (١)ـی ساڵی ٢٠٠٥ ھەموارکراوی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان .

دادوەر ھیوا، ئەندامی داواکاری گشتی و ئەندامی دەستەی مافی گشتی لە لێدوانێکی دا رای گەیاند، ئەو بڕیارانەی بارزانی بۆ چاکسازی دەری کردوون، بڕیاری زۆر باشن، گوتی: بڕیارەکان باشتر شوێنی خۆیان دەگرن ئەگەر ئێمەش بخرێینە نێو پرۆسەکە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین نوێنەرانی ئێمە لەو لیژنانە دابنرێن کە بڕیارە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دروست بکرێن.

فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کورستان رای گەیاند، لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی بارزانی ئێستا کار لەسەر دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت دەکرێت کە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا پێکدەھێنرێت بۆ ئەوەی بڕیارەکان جێبەجێ بکرێن و بەدواداچوونیشان بۆ بکرێت.

حاکم ھیوا ئەوەی خستە روو، ئەوان خوازیاری ئەوەن لەو دەستەیە شوێنیان ھەبێت تا ھاوکار بن و جێپەنجەیان دیار بێت بۆ چاکسازی و کەمکردنەوەی گەندەڵی.

ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی گوتیشی: خاڵی ھاوبەش لەنێوان ئەو بڕیارانەی چاکسازیی بارزانی و کارەکانی ئێمە ھەیە و ئێمەش کارمان لەسەر زۆربەی کەیسەکانی پێوەست بە گەندەڵی و کەموکوڕیی دەزگاکانی حکوومەت ھەیە.

دادوەر ھیوا پێیوایە، بۆ ئەوەی بڕیارەکانی چاکسازیی بارزانی سەربگرن، پێویستیان بە بڕیارە لە شوێنی بڕیار، گوتیشی: زۆر دامودەزگا ھەیە لەلایەن حزب و کەسانێک دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شوێنانە پێویستە بە رێگای یاسایی وەربگرێتەوە، بڕیاریش ھەیە کە دراوەن دەبێت یاسای تایبەتی بۆ دەربکرێت.

بڕیارەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا گوزەر دەکات و حکوومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابین بکات و زۆرینەی پرۆژەکانیش وەستاون.

ئەو بەرپرسەی داواکاری گشتی جەخت دەکاتەوە، ئەگەر کاری جدی لەسەر ئەو بڕیارانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکرێت، دەکرێت ئەنجام و بەروبومی باشی ھەبێت.

ھەندێک لەو کەسانەی رەخنە لە بڕیارەکانی بارزانی دەگرن نموونە بەو بڕیارە چاکسازییانە دەھێنەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ دەرکران و دەڵێن وەکو پێویست جێبەجێ نەکران.

بەڵام دادوەر ئازاد مەلافەندی راوێژکاری یاسایی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، بڕیارە چاکسازییەکانی بارزانی کە لە ساڵی ٢٠١١ دەری کردن قۆناخێک بوو تەواو بوو، بڕیارەکانیش جێبەجێ کران، گوتی: ئەوکاتیش حکوومەت لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکان ئاگادار بوون و ئێستاش دەکرێت بەم شێوەیە بڕیارەکان جێبەجێ بکرێن.

حاکم ئازاد مەلافەندی پێشبینی ئەوە دەکات بڕیارە چاکسازییەکان ھەنگاوی باش بڕۆنە پێش و بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکات.

لە سەرێکی تر مەسعوود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند بڕیارێکی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی لەناو پارتی و پێداچوونەوە بە ماڵی بەرپرسان و کەسانی سەر بە پارتی، کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەکانی سەر بە ئۆرگانەکانی پارتی لەگەڵ پێداچوونەوە بە گشت زەوی وزار و موڵکی حکوومەت کە لە لای بەرپرسانی پارتییە.

بەختیار حەیدەر بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند فەرمانگەکەیان تەنھا پێوەندی بەو بڕیارانە ھەیە کە بۆ نێو پارتی دراون، گوتی: ھەر رۆڵێک لەو پرسە لە لایەن سەرۆک بارزانی بە ئێمە بسپێردرێت ئەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان ھەڵدەستین و جێبەجێی دەکەین و پشتیوانیی بڕیارەکانی بارزانین.

بەختیار حەیدەر ئاشکرای دەکات زۆربەی بڕیارەکانی بارزانی لایەنی یاسایی ھەیە و ئەوان وەکو فەرمانگەکە کار بۆ ئەو لایەنە دەکەن.

بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی پارتی روونی دەکاتەوە، ھەندێک لە بڕیارەکان رەنگە پێویستیان بە یاسا ھەبێت لە پەرلەمان و ھەندێک بڕیاری تریش تەنھا بڕیاری ئیداریی پێویست بێت، گوتیشی: ئەو لیژنەیەی سەرۆک بڕیاری داوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان ھەموو رێکارەکانی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەگرێتە بەر ئە ئەنجامی کارەکانیش دەداتەوە بە جەنابیان.

بەختیار حەیدەر جەخت دەکاتەوە بڕیارەکانی سەرۆکی پارتی ھەموو کەسێکی ناو پارتی یە یەکسانی دەگرێتەوە و بەسەر ھەر پارتیەک جێبەجێ دەکرێت کە بڕیارەکان بیانگرێتەوە: "ھەر کێ بن و لە ھەر پلە و پۆستێک بن بڕیارەکان دەیانگرێتەوە و ئەو لیژنەیەی کە پێک دێت بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکان ئەوان دەستنیشانی کەسەکان دەکەن کە چاکسازی بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت".










باسنیوز
Top