دیندار زێباری: پێشمەرگە هەوڵێ پاراستنی ژیانی پێکهاتە ئایینییەکان دەدات
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەی دیندار زێباریدا هاتووە: " ئاوارەکان گشت مافەکانیان پارێزراوە و جگە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون هەموو مافە یاساییەکانیان فەراهەم کراوە و دەتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو گیانی پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبەکان لە کوردستان و بوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کریستیان و عەرەب و ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەش لە کوردستان گەواهییە بۆ ئەو پێکەوەژیانە."
لەم بارەوە وێنەیەک لە روونکردنەوەی د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی باسنیوز نێردراوە.
دەقی روونکردنەوەکە:
دیندار زێباری لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دوایین راپۆرتی رێکخراوی UNHCR: داعش هەوڵی وێرانکردنی ناوچە کوردییەکان دەدات، بەڵام ئەمە کاریگەری نەبووە لەسەر گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی نێوان هاووڵاتیانی کورد و کریستیان و عەرەب و ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە کە لە هەرێمی کوردستان دەژین.
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگەی پابەندبوونی بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەری و بەو توانایەی لەبەر دەستی بوو باوەشی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووە و هاوکاری زۆری کردن.
زێباری لە بارەی دوایین راپۆرتی رێکخراوی UNHCR سەبارەت بە دوایین ئاماری ئاوارەکان و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە تاکۆتایی مانگی دیسیمبەری ٢٠١٥ زیاتر لە (٩٠١,٣٢٠) ئاوارە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە وتی: دیارە دوای داگیرکردنی موسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوەڕاستی عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچانە روویان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی هەرێم کرد کە بەو پەڕی رێزەوە باوەشی بۆ کردنەوە و لەگەڵ گەیشتنیان بە گوێرەی توانا هاوکاری و یارمەتی پێشکەش کردن لە هەموو روویەکەوە وەک پاراستنی ژیانیان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ ئەم مەبەستەش بەسەر چەند کەمپ دابەش کران لە شوێنە جیاجیاکان و بەشێکیشیان لە سەنتەری شارەکان دەژین کە ژمارەیان بە گشتی گەیشتووەتە زیاتر لە (670) هەزار هاووڵاتی عەرەب کە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
ئاوارەکان گشت مافەکانیان پارێزراوە و جگە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون هەموو مافە یاساییەکانیان فەراهەم کراوە و دەتوانن بە ئازادی هاتوچۆ بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو گیانی پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبەکان لە کوردستان و بوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کریستیان و عەرەب و ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەش لە کوردستان گەواهییە بۆ ئەو پێکەوەژیانە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە داعش هەوڵی وێران کردنی ناوچە کوردییەکان دەدات، بەڵام ئەمە کاریگەری نەبووە لەسەر لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و لەم بارەیەوە وتی: دوای هاتنی داعش بە دەیان گوندی کورد وێران بوون و سووتێنران، بەڵام پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان هەوڵی پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانەی داوە کە کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس و پاراستنی ژیانیان بەبێ جیاوازی لە رووی نەتەوە و ئایین و مەزهەب و ئێستا بە دەیان گوند هەیە کە خەڵکەکەی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ترە و دانیشتوانەکەی پێکەوە دەژین، هەروەها پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پاراستنی ژیانی ئەو هاووڵاتیانەی کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان سەرەڕای ئەوەی لە زۆر شوێن گوندی کوردان وێران کراوە و سووتێنراوە و بە دەیان هاووڵاتی کورد کوژراو و رفێنراون و تەنانەت ئەوەی بەرامبەر بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدراوە گەیشتۆتە راددەی جینۆساید.
باسنیوز
