نەمسا: پێویستە هاوكاریی داراییی هەرێمی كوردستان بكرێت

نەمسا: پێویستە هاوكاریی داراییی هەرێمی كوردستان بكرێت
وەزیری دەرەوەی نەمسا راگەیاند، وڵاتەكەی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان دەكات و پێویستە وڵاتانی دیكەش هاوكاریی ئابووریی و مرۆیی زیاتر پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكەن.

لە پەراوێزی كۆنفرانسی ئاسایشی جیهان لە میونشن، (سبستیان كورز) وەزیری دەرەوەی نەمسا لەبارەی قەیرانی داراییی هەرێمی كوردستان، بارودۆخی سووریا و پرسی كۆچبەران بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی كرد.

وەزیری دەرەوەی نەمسا لەبارەی سووریاوە گوتی "دۆزینەوەی چارەسەر لە سووریا زۆر دەخایەنێت، ئاگربەستیش ئومێدی یەكەمە بۆ گەیشتن بە ئەو چارەسەرە".

لەبارەی كۆچبەرانیشەوە (سبستیان كورز) پێیوایە، چارەسەری قەیرانی سووریا لێشاوی كۆچ بۆ ئەورووپا راناگرێت، "چونكە یەك لەسەر سێی كۆچبەران سوورین".

وەزیری دەرەوەی نەمسا، كە یەكێكە لە گەنجترین وەزیرەكانی وڵاتانی ئەورووپا و تەمەنی 29 ساڵە، گوتیشی "بۆ چارەسەری قەیرانی كۆچ وەگرتنی پەنابەران چارەسەر نییە، بەڵكو پێویستە هاوكاری ئەو وڵاتانە بكرێت كە خەڵەكەی كۆچ دەكەن".

لەبارەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوەی نەمسا گوتی "پێویستە هاوكاری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بكرێت و لەو چوارچێوەیەشدا وڵاتەكەمان هاوكارییەكانی چوار هێندە كردووە، بەڵام پێویستە وڵاتانی دیكەش هاوكاری بكەن".

گوتیشی "باشترین رێگە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی و مرۆیی زیاترە".



















-KDP.info-
Top