له‌ سێیه‌م ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوه‌ری چه‌ند دیدار و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا

 له‌ سێیه‌م ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوه‌ری چه‌ند دیدار و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا
له‌ په‌راوێزی سێیه‌م ڕۆژی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن "مه‌سعود بارزانی" سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی وڵاتانی ئه‌ورووپی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆیان ئه‌نجامدا.

به‌پێی ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سێیه‌م ڕۆژی دیدار و چالاكییه‌كانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا بارزانی و شاندی یاوه‌ری به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ خاتوو كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ ، سەرۆكی كرواتیا و شاندیه‌یاوەری و ئۆرسولا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری و فرۆین هاین ئەندامی پارلەمانی ئەڵمانیا لە حزبی دیموكرات مەسیحی كۆبوونه‌ته‌وه‌.



ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان :.



ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 2ـی 2016 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشت 2016 و لە ڕۆژی سێیەمی ئەو كۆنفڕانسە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خاتوو كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ سەرۆكی كرواتیا و شاندیه‌یاوەری كۆبۆیەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كراواتیا ستاییشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆیستانی داعش، هەروەها پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە لە شەڕی دژی داعش و هێمای بەوەدا كە داعش هەڕەشەیەكی هاوبەشە بۆ سەر هەموو لایەك. ئاماژەیشی بەوەدا كە زۆر بە پەرۆشەوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی كوردستان دەكات و هیوای سەركەوتنی بۆ گەلی كوردستان خواست.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆكی كرواتیای كرد كە پشتیوانی گەلی كوردستانن و پێشوازیشی كرد لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كرواتیا.



هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەی تیرۆر و بارودۆخی پەنابەران تاوتوێ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە كێشەی پەنابەر و ئاوارەكان لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێت و هۆكارەكانی كۆچ كە تیرۆر و هەژاری و بارودۆخی نالەباری ئابوورییە نەهێڵدرێن.

هەر هەمان ڕۆژ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئۆرسولا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كۆبوویەوە.



لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە دژی داعش بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و جەختی لە پشتگیریی وڵاتەكەی كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی دارایی هەرێم و كاریگەریی لەسەر بەرەكانی شەڕ تاوتوێ كرا و تەئكید لە بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگیی هەردوولا كرایەوە. پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە كوردستان و عێراق تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.



چالاكییەكی دیكەی سەرۆك بارزانی لە سێیەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن 2016 پێشوازیكردن بوو لە فرۆین هاین ئەندامی پارلەمانی ئەڵمانیا لە حزبی دیموكرات مەسیحی.

لە دیدارەكەدا ئەندامە دیموكرات مەسیحییەكەی پارلەمانی ئەڵمانیا دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ مسۆگەر كردنی سەركەوتن لەدژی تیرۆریستانی داعش و بەڵێنی ئەوەیشی دا كە خۆی و پارتەكەی بەردەوام دەبن لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان. لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی فرۆین هاین و پارتی دیموكرات مەسیحی كرد كە لە پارلەمانی ئەڵمانیا هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی ئابووریی و قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان كرا.







باسنیوز
Top