سەرۆکی کرواتیا بۆ سەرۆکی هەرێم: کارێکی زۆر و چاونەترسانەت کردووە
كۆڵیندا كیتارۆڤیج، سەرۆكی كرواتیا پاش كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هاوكاریی سەربازییان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
دوای كۆبوونەوەكە لەكاتی ماڵئاوایی كردندا خاتوو كۆڵیندا كیتارۆڤیج تەوقەی لەگەڵ بارزانی كرد و گوتی "جەنابی سەرۆک زۆر خۆشحاڵ بووم، هیوای باشترینت بۆ دەخوازم، کارێکی زۆر و چاونەترسانەت کردووە".
لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، سەرۆکی کرواتیا گوتی" گفتوگۆی زۆر باشمان کرد، سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە خەڵکی ئێوە بکەم بەتایبەتی بەهۆی ئازایەتی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕیاندا دژی داعش، هەروەها بەهۆی پێشڕەوییەکانتان".
كیتارۆڤیج هەروەها گوتی "هیوادارین هاوکاری کرواتیا لەڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ ئێوە بەردەوام بێت، کرواتیا شارەزایی زۆری لە بواری پووچەڵکردنەوەی میندا هەیە و پێموایە ئێوەش پێویستتان پێیەتی، چونکە بەداخەوە ئێمەش وڵاتەکەمان داگیرکراوە و شەڕی بەخۆیەوە بینیوە".
سەرۆكی كرواتیا باسی دوو جۆر هاوكاری دیكەی كرد بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گوتی " پێشنیاری چەند جۆرێکی دیکەی هاوکاریم بۆ بارزانی کردووە وەکو چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانماندا، هەروەها چارەکردنی دەروونیی ئەوانەی بەهۆی شەڕەوە کێشەی دەروونیان بۆ دروستبووە، بەتایبەتی ژنانی ئێزدی".
