نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی دەدات

نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی دەدات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە خەڵکی کوردستان، ئەم قەیرانە تێدەپەڕێت و چەند هەنگاوێکی هەنووکەییش بۆ چارەسەری قەیرانەکان خراوەتە ڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە (10\2\2016)، "نێچیرڤان بارزانی"، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبووەوە. لەمبارەیەوە د. "عەلی تەتەر"، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند: ”“نێچیرڤان بارزانی”، لەبارەی تەنگژەی دارایی، ڕوونکردنەوەی بە کادیرانی پارتی دا و داوای لە کادیران کرد، چۆن لە ڕۆژانی سەختدا خۆڕاگر بوون، ئەمڕۆش بە هەمان شێوە، بەردەوام بن و بەرگەی سەختییەکان بگرن، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکمان بتوانین ئەو قەیرانە داراییەی کوردستان تێپەڕێنین، ئەو موژدەیەیی بە خەڵکی دا، کە ئەم قەیرانە تێدەپەڕێت و دۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات”.

عەلی تەتەر ئەوەشی گوت: "بارزانی بە گەشبینییەوە ڕایگەیاند، ئەم دۆخەکە چارەسەر دەبێت و بە هەوڵی جەماوەری کوردستان، لەم قەیرانە ڕزگارمان دەبێت، دۆخەکەش هەروا نامێنێتەوە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، لەبارەی ئالیەتی چارەسەرکردنی قەیرانەکانەوە ڕوونی کردەوە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاکسازی هەیە، لە سیستەمی دارایی و کارگێڕی، ئەم خاڵە بە وردی لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئامادەبووان ڕوون کرایەوە. ئەوەشی خستەڕوو: “سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێگایەکی چارەسەری بۆ قەیرانی دارایی کوردستان خستەڕوو کە بەشێکیان هەنووکەیین، لەوانە سیستەمی پاشەکەوت، لە هەمان کاتدا چاکسازی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا دەکرێت”.














باسنیوز
Top