مەسرور بارزانی: مافی خۆمانە مافی سەربەخۆبوون بەکاربهێنین

 مەسرور بارزانی: مافی خۆمانە مافی سەربەخۆبوون بەکاربهێنین
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.



”مەسرور بارزانی“، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس رایگەیاندووە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، سەرەڕای نەبوون و پێنەدانی مووچە بە پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی رووبەڕووی رێکخراوی توندڕەوی داعش بووەتەوە و ئەمەش بە ”موعجیزە“ دەزانێت.



مەسرور بارزانی پێیوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لە ناردنی ھاوکاریی سەربازی و دارایی پێشمەرگە، بەو پێیەی بە دانپێدانانی بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا، پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان شەڕی گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستی دەکات و ”پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ“.



راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە جەختکردنەوە لە مافی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆبوون و جیابوونەوە لە عێراق، رایگەیاندووە، کوردستان باشوور ”ئێستا سەربەخۆیی راناگەیەنێت، بەڵام مافی خۆیەتی ھاوشێوەی تەواوی گەلانی دیکەی جیھان، مافی سەربەخۆبوون بە کاربهێنێت“.



مەسرور بارزانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەگەر بە چاوێکی یەکسان سەیری کورد و عەرەب نەکەن و ھەرێمی کوردستان پەراوێزبخەن، ئەوا نابێت ”گلەیی ئەوە لە سەرکردایەتی کورد بکەن، کە چارەسەرێکی باشتر لە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا بدۆزێتەوە“.



بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی چاوەڕێ دەکرێ وڵاتانی جیهان لەو راستییە بگەن، کە ”ئەنجامدانی ریفراندۆم مافی رەوای گەلی کوردە، ھەرکاتێک کورد بە کاتێکی گونجاوی زانی مومارەسەی ئەو مافەی خۆی بکات“، رایدەگەیەنێت، پلانی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ دیاریکردنی ئایندەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ”وەک خۆیەتی“.









باسنیوز
Top