ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 9-2-2016 "ڕزگار عەبدوڵڵا سەعید" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ "كەریم سنجاری" وەزیری ناوخۆ و وەكیل وەزیر لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی "سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و "قوباد تاڵەبانی " جێگری سەرۆكی حكوومەت و لیژنە چاكسازییەكەی ئەنجومەنی وەزیران كۆ ببنەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی دوا بڕیاری حكوومەت بۆ خشتە نوێیەكەی مووچە كە لەناو كارمەندانی هێزەكانی ناوخۆدا ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە."
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی ناوخۆ ئەوەش دەخاتەڕوو : بڕیارەكە تەنیا كارمەندانی هێزی ناوخۆ لە بواری سەربازی (پۆلیس و ئاسایش و هیزەكانی تر) دەگرێتەوە كە بەهۆی دەوامی زۆر و ئێشكگریی شەوانەوە ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە و دەشڵێت چاوەڕێ دەكرێ بڕیاری باش بدرێت كەلە بەرژەوەندیی كارمەندانی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ بێت."
لە رۆژانی رابردوودا کە خشتەیی نوێی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە، لەلایەن توێژە جیاجیاکانەوە کاردانەوە و ناڕەزایی لێکەوتەوە.
باسنیوز
