ئەگەرچی پێگەی كورد لە سەر ئاستی ناوچەكە و جیهان بەهێزە، بەڵام یەكڕیزیی كورد بۆ چێكردنی دەوڵەتێك بە ئاستی ئیرادەی نەتەوەیەك نییە
بەختیار كەریم هەروەها گوتی: لەپاش هاتنی داعش، ناوچەكە و جیهان لەگەڵ واقیعێكی تازە رووبەڕووە، بەڵام لە ئێستادا روون نییە ئەدگارەكانی ئەم ناوچەیە چۆن دەبن لەپاش داعش. لەم قۆناغەدا كە داعش رێز لە سنوورەكان ناگرێت و چەمكی سەروەریی دەوڵەت كەوتۆتە ژێر گومانێكی زۆرە، هێشتا دەوڵەتە گەورە و كاریگەرەكانی جیهان و ناوچەكە ستراتیژ و سیاسەتێكی روونیان نییە بۆ جیهانی پاش داعش. لێرەدا ئیرادەی نەتەوەكانی ئەم ناوچەیە، لە هەموو ئیرادەكان گەورەتر و كاریگەرترە. كورد وەك بكەرێكی گرنگی جەنگی داعش، وەك نەتەوەیەكی گەورەی ناوچەكە، لە رێگەی یەكخستن و بەرجەستەكردنی ئیرادەیەكی پتەوەوە، دەتوانێت پاڵپشتی نێودەوڵەتیی بۆ دەوڵەتی كوردستان مسۆگەر بكات. لە قۆناغی پاش داعشدا، هەموو ئەگەرەكان كراوەن، وەك گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشتر، نەخشەكێشانەوەی سنووری دەوڵەتەكان و درووستبوونی دەوڵەتی نوێ. ئەگەری درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان، یەكێكە لەم ئەگەرە كراوانە.
شايانى باسه كەریم هەروەها گوتی: وەك چۆن لەپاش رێككەوتنی (سایكس-پیكۆ)، بەهۆی نەبوونی ئیرادەیەكی یەكگرتوویی كوردانەوە، كورد بێبەش كرا لە دەوڵەتێكی نەتەوەیی، دووبارەبوونەوەی ئەمە ئەگەرێكە و دەبێت لەبەرچاوی بگرین. نەبوونی ئیردایەكی یەكگرتوو لەسەر ئاستی باشووری كوردستان، لەنێوان باشوور و رۆژئاوا، لەوانەیە هۆكاری شكستخواردنی هەوڵەكانی كورد بێت بۆ درووستبوونی دەوڵەتێكی نەتەوەیی. بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەكان لەم قۆناغەدا دژی درووستبوونی دەوڵەتێك نییە لە كوردستان، بەڵام ئەوەی دژی درووستبوونی ئەم دەوڵەتەیە ئەو پەرتبوونە سیاسییەیە كە ئێمە ئەزموونی دەكەین، ئەوەی دژی ئەم دەوڵەتەیە نەبوونی هاوسۆزیی نێودەوڵەتیی نییە، بەڵكو دابەشبوونی رۆشنبیری و سیاسییە بەسەر چەند كەمپێكی وێناكراودا. ئەوەی دژی درووستبوونی دەوڵەتە لەم قۆناغەدا، هەوڵی هەندێك كەس و لایەنە بۆ لێدان لە ئیرادەی نەتەوەیەك كە هەست دەكات، دەوڵەتێك بەشێكی زۆر لە كێشەكانی چارەسەر دەكات. ئەم پەرتبوونە سیاسییە، ئەم دابەشبوونە لە گوتاری نەتەوەییماندا، گەورەترین زەبر لە ئەگەری درووستبوونی دەوڵەت دەدات.
لە كۆتایی قسەكانیدا بەختیار گوتی: تواناكانی ئێمە بۆ دادگاییكردنێكی ویژدانیی خۆرئاوا و دەوڵەتە زلهێزەكان زۆر سنووردارە. بەگشتی سیاسەتی ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپا سیاسەتێكی بەرژەوەندیخوازانەیە. لەم قۆناغەدا لەبەر ئەوەی درووستبوونی دەوڵەتێك لە كوردستان نابێتە هەڕەشە لەسەر هاوسەنگیی هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و خۆرئاوا، ئەوان دژی ناوەستنەوە، بەڵام مەرج نییە پاڵپشتیی بكەن. دەوڵەتێك لە كوردستان، لەم ناوچە قەیراناوییە، پێویستی بە پاڵپشتیی ئەمریكا و خۆرئاوا دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی ئەم پاڵپشتییە تەنیا تۆخكردنەوەی بەها هاوبەشەكان لەگەڵ خۆرئاوا زامنی راستەقینە دەبێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1061)
