لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كۆدەبێتەوە

 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كۆدەبێتەوە
لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی كۆدەبێتەوە ‌و میوانداری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش دەكات، بەپێی زانیارییەكانی رووداو قسە لەبارەی خشتەی نوێی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت، بەڵام لیژنەكە دەسەڵاتی گۆڕانكاری لە خشتەی نوێی مووچەدا نییە.

بەپێی سەرچاوەیەكی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كاژێر 09:00 ی بەیانییەوە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان، عەلی سندی وەزیری پلاندانان لەگەڵ وەزارەتی دارایی پێكدێت، لەكۆبوونەوە دایە.

لیژنەكە میوانداری كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی كردووە بۆ باسكردن لە مانگرتنی بەشێك لە هێزەكانی پۆلیس، كە چەند رۆژێكە دژی بڕیاری حكومەت بۆ پاشەكەوتكردنی مووچە مانیان لە دەوام گرتووە و بە گردبوونەوە ناڕەزایەتی دژی بڕیارەكە دەردەبڕن.

سەرچاوەكەی رووداو جەختی لەوە كردەوە، لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی دەسەڵاتی گۆڕانكاری لە‌ خشتەی نوێی مووچەدا نییە كە بەپێی خشتەكە مووچەی فەرمانبەران لە 15% بۆ 75% پاشەكەوت دەكرێت و ئەمەش ناڕەزایەتی و مانگرتنی لێكەوتووەتەوە، لەبارەی هۆكارەكەش گوتی "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لە‌و خشتەیە دراوە، هەر گۆڕانكارییەكی تێدا بكرێت پێویستە لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیراندا بێت، بەڵام لیژنەكە دەتوانێ‌ پێشنیازی گۆڕانكاری لە خشتەكەدا بكات".

بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمێكی نوێی بۆ دابەشكردنی مووچە راگەیاندووە، بەپێی ئەو خشتەیەی حكومەت بڵاویكردووەتەوە، لەمەودا تاوەكو قەیرانی دارایی چارەسەر دەبێت، بەپێی داهات مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لەنێوان 15% بۆ 75% دەبڕدرێت و پاشەكەوت دەكرێت، ئەمەش ناڕەزایی ‌و مانگرتنی بەشێك لە فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە.









رووداو
Top