ئەمەریکا مووچەی 35 ھەزار پێشمەرگە دابین دەکا

 ئەمەریکا مووچەی 35 ھەزار پێشمەرگە دابین دەکا
نوێنەری ئەمەریکا و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەو وڵاتە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە خەریکی تاوتوێکردنی دابینکردنی بودجەیەکی ھاوکاریدان بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و رایان گەیاندووە وڵاتەکەیان دەیەوێ مووچە و بودجەی زیاتر لە ٣٥ ھەزار پێشمەرگە لە ئەستۆ بگرێت.



لەم ماوەیەدا شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە پێک ھاتبوو لە ھەریەکە لە (فواد حسێن، فەلاح مستەفا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان) بۆ دابینکردنی بودجەی پێشمەرگە و خەرجیی شەڕی دژ بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، سەردانی واشنتۆنی کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار ئاشکرای کرد، ئەمەریکییەکان لە وەڵامی داوایەکی شاندەکەی ھەرێمدا، ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە دەتوانن مووچە و بودجەی ٣٥ ھەزار پێشمەرگە بدەن، بە مەرجێ تەواوی ئەو ھێزانەی کە مووچەیان پێ دەدەن، سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای زیاتری کردووە و ئێستا گفتوگۆکان لەم پێوەندییەدا ھێشتا بەردەوامن.



فەریق جەبار یاوەر، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دوێنێ دووشەمە کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان کردووە و چەند ئەندامێکی کۆنگرێسیش ئامادەی بوون، گوتی: “تا ئێستا وەڵامەکانی ئەمەریکا بۆ چەندێتیی ھاوکارییەکەی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان فەرمی نییە”.



راشی گەیاند، ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆدان، گوتی: “ئەمەریکییەکان دەبێ بابەتەکە بەرنە لای حکوومەتی خۆیان و ئەوانیش دوای رەزامەندی رەوانەی کۆنگرێسی دەکەن و دوای پەسەندکردنی ئەو ھاوکارییەی کە بڕیاری لێ دەدرێ بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێ”.



دلێر مستەفا جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی سەوز، بۆ (باس) رای گەیاند، ئاگەداری ئەوەین کە ئەمریکا و ھاوپەیمانانیش بە تەواوی ھاتوونەتە سەر خەت بۆ ھاوکاریکردن و دابینکردنی بەشێک لە مووچەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە وەکو بڕیار و بەشێوەیەکی فەرمی یەکلا نەبووەتەوە.



گوتیشی: «لە ھەفتەی داھاتوو پێشبینی دەکرێ جۆر و چەندێتیی ئەو ھاوکارییە دەرکەوێت کە ئەمریکا دەیەوێ یارمەتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی پێ بدات».



پێشتر، شاخەوان عەبدوڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، ئێستا کە ھێزی پێشمەرگە ھیچ مووچە و ئیمتیازێک لە بەغدا وەرناگرێ، کاتیەتی و پاساوێکی یاسایی باشە کە جیھەتێکی دیکەی فەرمی پاڵپشتیی پێشمەرگە بکات لەو شەڕە قورسەدا کە رۆژانە پێویستی بە چەک و تەقەمەنییە.

راشی گەیاند کە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ ئەمەریکییەکان، وەڵامی ئەرێنییان لەو بارەیەوە پێ دراوە.






باسنیوز
Top