سەربەست بابیری: راستییەكانی كەوتنی شنگالم بە سەرۆك بارزانی گوت

 سەربەست بابیری: راستییەكانی كەوتنی شنگالم بە سەرۆك بارزانی گوت
بەرپرسی پێشووی لقی پارتی لە شنگال، دوای 19 مانگ سەردانی مەسعود بارزانی دەكات و دەڵێت هەموو شتێكی سەبارەت بە كەوتنی شنگال بۆ بارزانی باسكردووە. گوتیشی بارزانی خۆی داوای لێكردووە بیبینێ‌.

داعش لە 3/8/2014 قەزای شنگال و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری داگیركرد، هەرزوو پەنجەی تۆمەت بۆ بەرپرسانی پارتی لە ناوچەكە درێژكرا و بەهۆكاری كەوتنی شنگال تۆمەتبار كران، بۆیە بە ماوەیەكی كەم دوای داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، پارتی بەرپرسی لقەكەی لە شنگال كە سەربەست بابیری بوو، لەگەڵ چەند بەرپرسێكی دیكەی سەربازی و ئەمنی لە پۆستەكانیان لادا.

دوای پێكهێنانی لێژنەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەر یەك لە سەربەست بابیری، بەرپرسی لقی پارتی لە شنگال پێش هاتنی داعش، شەوكەوت كانیكی، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال و سەعید كێستەیی، فەرماندەی زێرەڤانی لە شنگال بۆ ماوەیەك لە پیرمام خرانە ژێر چاودێری. بەڵام دواتر گەڕانەوە نێو خێزانەكانیان.

دوای نزیكەی 20 مانگ بەسەر ئەو رووداوەدا، رۆژی 3/2/2016 سەربەست بابیری لە میحوەری زوممار سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆك هەرێمی كوردستانی كرد.

سەربەست بابیری لە لێدوانێكدا پشتڕاستی كردەوە كە چاوی بە بارزانی كەوتووە، بەڵام ئامادە نەبوو باسی نێوەڕۆكی دانیشتنەكەی لەگەڵ بارزانی بكات و تەنیا گوتی "ئەوەی پەیوەست بوو بە كەوتنی شنگال و 19 مانگە لە دڵی خۆمدا هەڵمگرتبوو، هەموویم بە وردەكاری و زۆر بە راشكاوییەوە لە ماوەی 20 خولەكدا بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد".

سەربەست بابیری باسی هۆكاری كەوتنی شنگال لەسەر دەستی داعش دەكات و دەڵێت "سەرۆك بارزانیش هاوڕا بوو لەسەرئەوەی لە كاتێكدا پشتی شنگال كە دەڤەری زوممارە، بە درێژایی 115 كیلۆمەتر كەوتە دەستی داعش، ئیدی ئۆتۆماتیكی شنگالیش دەكەوێت".

سەبارەت بەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی ئەو كراون لەسەر كەوتنی شنگال، سەربەست بابیری بەرپرسی پێشووی لقی شنگالی پارتی دەڵێت "راستە من كەسی یەكەمی پارتی بووم لە شنگال، بەڵام هەرگیز نە ئەندامی میحوەر و نە بەرپرسی سەربازی بووم، بۆیە مافی ئەوەم نەبوو فەرمانی سەربازی دەربكەم".

ئەو سەردانەی بابیری بەگوتەی خۆی لەسەر داوای سەرۆك بارزانی بووە و دەڵێت "دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە، سەرۆك بارزانی ویستبووی من ببینێ، بەڵام رێكنەكەوتبوو". گوتیشی "پێش ئەو سەردانە گوشارێكی دەروونی زۆرم لەسەر بوو، بەڵام كە بارزانیم بینی و هەموو شتێكم لەبارەی كەوتنی شنگال بۆ روونكردەوە، بۆچوونی لەسەر من گۆڕا".











رووداو
Top