لە كۆنگرێس، سیناتۆر جۆن ماكین و لیندزی گراهام سەرقاڵی یاسایەكی بەپەلە و لەناكاون بۆ ئەوەی تەمویل بۆ پێشمەرگە دابین بكەن

لە كۆنگرێس، سیناتۆر جۆن ماكین و لیندزی گراهام سەرقاڵی یاسایەكی بەپەلە و لەناكاون بۆ ئەوەی تەمویل بۆ پێشمەرگە دابین بكەن
لە دیدارێكی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا گوتى: ئێمە لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ئەمریكا كۆبوونەوە دەكەین، لەگەڵ كۆنگرێس، كۆشكی سپی، وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی دیكەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە مەبەستی گەیاندنی ئەم پەیامانە و پەیامی تریش. ئەمە ئەركی رۆژانەی ئێمەیە. رۆڵی ئێمە بریتییە لە گەیاندنی پەیامەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی كوردستان بە دەستگای درووستكردنی بڕیار لە واشنتۆن. لە دوایین گەشتی بەڕێزان سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، دكتۆر فوئاد حوسێن و بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، فەلاح مستەفا، لە كانوونی دووەمدا، لە كۆنگرێس و لە سەركردایەتیی ئیدارەی ئەمریكا كۆبوونەوەمان لەگەڵ چەندین كەسایەتی گرنگ كرد. هەروەها لەگەڵ ژەنەڕاڵ لۆید ئۆستن لە بارەگای سێنتكۆم (فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكان) كۆبووینەوە.


بەیان سامی عەبدولڕەحمان هەروەها گوتی: ژەنەڕاڵ ئۆستن گەشتی بۆ هەولێر كرد بۆ ئاخاوتن لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی. باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق ستیوارت جۆنز، كونسوڵی گشتیی ماسیاس میتمان و دیپلۆماتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەولێر لە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆك وەزیران كاك نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆك وەزیران كاك قوباد تاڵەبانی كۆبوونەوە بە مەبەستی بەدواداچوونی تاوتوێكردنی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ئێمە و باسكردنی هەندێك بابەتی دیكە. لە كۆنگرێس، سیناتۆر جۆن ماكین و لیندزی گراهام سەرقاڵی یاسایەكی بەپەلە و لە ناكاون بۆ ئەوەی تەمویل بۆ پێشمەرگە دابین بكەن.



شايانى باسه بەیان هەروەها گوتی: بەشێك لە پەیامی ئێمە بۆ ئەمریكا ئەوە بووە كە پێشمەرگە لە بری جیهانی ئازاد، شەڕی داعش دەكات. هاوڕێ ئەمریكییەكان لەم خاڵە تێدەگەن و سەرچاوەی گەورەیان دابین كردووە بۆ شەڕ. ناتوانم كۆمێنت بدەم لەسەر هەندێك دانوستان كە ئێستا لە ئارادایە، بەڵام دەمەوێت گەلی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە نوێنەرایەتییەكەتان لە واشنتۆن بە بێ ماندووبوون كار دەكات بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی پێشمەرگە كە شەڕی راماڵینی داعشیییەكان دەكەن. ئەمریكییەكان لە كۆبوونەوەكاندا پێزانین و رێزی خۆیان بۆ فیداكاری و ئازایەتی و توانا و ورەی بەرزی پێشمەرگە دەردەبڕن.

لە درێژەی قسەكانیدا بەیانی سامی گوتی: دەستگا و ناوەندەكانی هزر و لێكۆڵینەوە رۆڵێكی پڕبایەخ دەگێڕن لە سیستمی سیاسیی ئەمریكادا. كەسانی ئەكادیمی و ئەو ناوەندانەش رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە ئاگاداركردنەوەی بڕیاربەدەستان و رای گشتی و بۆ هەر بابەتێك بیرۆكەی نوێ دەهێنن. ئەكادیمیا كۆڵەگەیەكی پڕبایەخی داكۆكییە لە ئەمریكا. وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر جار بەشداری لە بۆنەكانی دەستگا و ناوەندەكانی هزر دەكەم، و نووسینگەكەمان پشتگیری پێشكەشی ئەو ئەكادیمییانە دەكات كە كار لەسەر بابەتەكانی كوردستان دەكەن. پێوەندییەكی باشمان هەیە لەگەڵ هەموو دەستگا سەرەكییەكانی هزر و لێكۆڵینەوە لە واشنتۆن.


لە كۆتایی قسەكانیدا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا گوتى: - رەنگە ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەوەی پێ باشتر بێت كە ئێمە ریفراندۆم نەكەین و ئەوەی لەلا پەسەند بێت كە پرسەكە نەهێنینە پێشەوە، بەڵام گومانم هەیە هیچ شتێك بكات بۆ رێگری لەم بابەتە. لەبەر ئەوەی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆ، مافێكی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە و ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دیموكرات زەحمەتە لە دژی ئیرادەی خەڵك بوەستنەوە. ئێمە دەبێت خواستی خۆمان بەرەوپێش ببەین بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدەین. ئێمە كە كراوەین و گشتگیرین سەبارەت بەم پرسە، هاوڕێكانمان لە هەنگاوەكانی ئاگادار دەكەینەوە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە( 1061)
Top