كۆبوونەوەی سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنەكان دواخرا

 كۆبوونەوەی سبەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  و لایەنەكان دواخرا

کۆبوونەوەی دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک و نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، لەسەر داواكاری یەكێتی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ئەمجارەش بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەكە رەتكردبووەوە.

ئایدن مەعرووف، جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لیژنەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت نەگەیشتووەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممە 7-2-2016 دواخراوە. گوتیشی:" کاتێک بۆ کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە".

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا هەواڵەكەی پشتڕشاستكردەوە و رایگەیاند، دواخستنی كۆبوونەوەكە لەسەر داواكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، بۆئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بدرێت گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر لەنێوان خۆیاندا بكەن.

لە كۆبوونەوەی 26-1-2016 ی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزبە سیاسییەكانی كوردستان كە بزووتنەوەی گۆڕان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدار نەبوون، بڕیاردرا كۆمیتەیەكی هاوبەش كە لە 9كەس پێكدێت، دروست بكرێت. كارەكانی ئەو كۆمیتەیە بریتیبوون لە زەمینەسازی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت و چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی و سەرخستنی گشتپرسی، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجامی كۆبوونەوەكانی كۆمیتەكە رانەگەیێندراوە.

رۆژی دووشەممە 1-2-2016 یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت لە مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو بەڕێوەچوو، هەروەها رۆژی 3-2-2016 كۆمیتەكە سەردانی هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان ‌و كۆمەڵی ئیسلاميیان كرد، رۆژی شەممەش 6-2-2016 كۆمیتەكە لە مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە. كۆمیتەكە كۆمەڵێك پێشنیازی ئامادەكردوون و بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممە 7-2-2016 دا پێشنیازەكان بخرێنەڕوو.















رووداو
Top