کۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت لە مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبنەوە
عومەر محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كە هاوكات ئەندامی كۆمیتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەتە راگەیاند: سێیەمین كۆبوونەوەی كۆمیتەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 6-2-2016 لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لەشاری هەولێر دەبێت".
عومەر محەممەد گوتی: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا باسی سەردانەكانمان دەكەین بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی، بەبۆچوونی ئێمە هەر دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان هانگاوێكی باش بوو، ئەو بەستەڵەكەی تواندەوە، كە پێشتر هەبوو".
ئەندامەكەی كۆمیتەی كاركردنەوەی پەرلەمان و حكومەت ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەرێك هەیە كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەكان كە بڕیارە رۆژی یەكشەممە7/2/2016 ئەنجام بدرێت، دوابكەوێت. ئەو گوتی "وەها دەبینم كۆمیتەكە كاتی زیاتری پێویست بێت بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك بۆ كۆبوونەوەی بارزانی و لایەنە سیاسییەكان، بۆیە ئەگەرێك هەیە ئەو كۆبوونەوەیە دوابخرێت".
لەكۆبوونەوەی 26-1-2016 ی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزبە سیاسییەكانی كوردستان كە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشدارنەبوون، بڕیار درا كۆمیتەیەكی هاوبەش كە لە9كەس پێك دێت دروست بكرێت.
كارەكانی ئەو كۆمیتەیەش بریتی دەبێت لە زەمینەسازی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت و چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی و سەرخستنی گشتپرسی، کە بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژی 3-2-2016كۆمیتەكە سەردانی هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیان كرد.
رووداو
