وەزارەتی پێشمەرگە: لەسەر فرۆشتنی چەکی ئەڵمانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

 وەزارەتی پێشمەرگە: لەسەر فرۆشتنی چەکی ئەڵمانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2-2-2016 جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك لە سەر فرۆشتنی چەكی ئەڵمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "حاڵەتی زۆر كەم بووە، ئێستا كۆنترۆڵكراوە".

جەبارە یاوەر روونیكردووەتەوە، لیژنە هاوبەشەکە سەبارەت بە مامەڵەكردن بە چەكی ئەڵمانی گەیشتووتەوە چەند راستییەك كە خۆی لە 5 خاڵدا دەبینێتەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "هەواڵی فرۆشتنی چەكی ئەڵمانی، دیاردەیەكی گشتی و گەورە نەبووە بەڵكو رەنگە چەند حاڵەتێكی زۆركەم بووە ئەویش ئەگەر رووی دابێت، زۆر بەئاسانی كۆنترۆڵدەكرێت و ئێستایش كۆنترۆڵكراوە".

جەبار یاوەر گوتی:" مامەڵەكردنی نایاسایی بەچەند دانەیەكی كەم لەهەر جۆرێكی چەك لەكاتی روودانی شەڕی ئاوەها گەورەدا، لەپانتایێكی زۆر فروان و لەنێوان ژمارەیەكی زۆر هێزی جیاواز لەیەكدا بەتایبەت لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، كارێكی ئاسایی و زۆر ترسناك نییە".

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەكات "بەهۆی بوونی دام و دەزگای شەرعی و فەرمی و بوونی یاسای سزادانی سەربازی و دادگا ئەو دیاردەیە بە ئاسانی كۆنترۆڵ دەكرێت".

جەبار یاوەر جگە لە سوپاسكردنی حكومەتی ئەڵمانیا بە پێشكەشكردنی ئەو چەكانە كە رۆڵی گەورە لە شەڕی داعش هەبوو ئاماژە بەوەش دەكات كە"ئەو چەكانە بۆ پاراستنی كوردستان بەگشت دانیشتووانەكەی لە كورد، عەرەب، توركمان، مسوڵمان، كریستیان، كاكەیی، ئێزیدی، شەبەك ، سوننە و شیعە هەبووە".

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە هەموو ئەو چەك و كەل و پەل و ئامێرە جەنگیانەی وەكو یارمەتی دراوەتە هێزەكانی پێشمەرگە، لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانان لە تۆمارەكانی فەرمی وەزارەت تۆماركراوە.

یاوەر دەڵێ‌:" جۆر و ژمارە و كۆدی چەكەكانیان تۆمار كراوە، دراوەتە هەر یەكە و پێشمەرگەیەك بە هەمانشێوە لەسەریان تۆمار كراوە و بەڵێن نامەی یاساییان لێ وەرگیراوە كە دەبێت بیپارێزن، لەئێستایش وەزارەتی پێشمەرگە بەدواداچونی ورد دەكات بۆ ئەو تۆمەتبارانە".

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە "مامەڵەكردن و كڕین فرۆشتن بە چەكی ئەڵمانی چەند حاڵەتێكی زۆر زۆر كەم بووە ئەگەر كرابێت و زۆر بەئاسانی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵدەكرێت و ئێستایش كۆنترۆڵكراوە".

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی كڕین فرۆشتن بە چەكی ئەڵمانیا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە لە بازاڕە رەشەكانی باشووری كوردستان وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوكاری وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لیژنەێكی هاوبەشیان دروستكرد.

















رووداو
Top