ئه‌مریكا هاوكاری‌ هێزی پێشمەرگە و عێراقییەكان دەكات له‌ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ- دا

ئه‌مریكا هاوكاری‌ هێزی پێشمەرگە و عێراقییەكان دەكات له‌ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ- دا
فه‌رمانده‌ی‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌داعش رایگه‌یاند، ئه‌مریكا له‌هه‌وڵدایه‌ تا پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ له‌ چنگی‌ داعش خێراتر بكرێت.

ژه‌نه‌ڕاڵ شۆن ماكفرلاند فه‌رمانده‌ی‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌داعش كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ رایگه‌یاند، گه‌ر بێتو داوای‌ لێبكرێت، واشنتۆن ئاماده‌یه‌ ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی‌ هلیكۆپته‌ری‌ جه‌نگی‌ له‌جۆری‌ ( ئاپاچی‌) و راوێژكارانی‌ سه‌ربازی‌ و راهێنه‌رانی‌ پۆلیس و سوپا ره‌وانه‌ بكات به‌ئامانجی‌ هاوكاریكردنی‌ هێزه‌ عیراقی‌ و كوردییه‌كان له‌خێراتركردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵ-دا .

ماكفرلاند ئه‌وه‌شی‌ روونكرده‌وه‌، ناتوانن به‌زۆر ده‌ستی‌ هاوكاری‌ بۆ هیچ لایه‌ك درێژبكه‌ن تا خۆیان داوای‌ نه‌كه‌ن، هه‌ر كاتێكیش ئه‌و داوایه‌یان لێكرا ئه‌وا ئاماده‌ی‌ جێبه‌جێكردنین.

ژه‌نه‌ڕاڵ شۆن ماكفرلاند له‌و لێدوانه‌یدا كه‌ئاژانسی‌ رۆیته‌رز بڵاویكردۆته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هیوای‌ خواست موسڵ له‌نزیكترین واده‌دا ئازاد بكرێته‌وه‌( به‌بێ ده‌ستنیشانكردنی‌ واده‌یه‌كی‌ دیاریكراو)، هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌دا له‌سه‌ر پێشبینی به‌رپرسانی‌ عیراقی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ئاماژه‌یان به‌ ئه‌گه‌ری‌ ئازادكردنی‌ موسڵ كردبوو له‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ داهاتوو یاخود تا كۆتایی‌ ئه‌مساڵ.

فه‌رمانده‌ی‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌داعش ووتیشی‌، هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ تائێستا مه‌شق و راهێنانی‌ به‌ 17 هه‌زارو 500 سه‌ربازو نزیكه‌ی‌ 2 هه‌زار پۆلیسی‌ عیراقی‌ كردووه‌و له‌ئێستاشدا زیاتر له‌ 3 هه‌زار له‌كارمه‌ندانی‌ پۆلیس و سوپا له‌خولی‌ مه‌شق پێكردندان.








باسنیوز
Top