هەتا ئێستا ئێران بەشێكە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك لایەنێك بۆ چارەسەری كێشەكان
مەنسووری موعەدەل هەروەها گوتی: رۆژئاواش دەبێت لە نزیكەوە بایەخ بەو وڵاتانە لە ناوچەكەدا بدات كە دەرفەتی باشتریان هەیە بۆ بنیادنانی دیموكراسییەكی جێگیر. بۆ نموونە تونس یەكێكە لەو وڵاتانە. توێژینەوەكانمان پیشانی دەدەن كە خەڵكی تونس لێبوردەترین خەڵكن لە رووی ئایینییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیادا. ئەگەر تونس سەركەوێت لە سەقامگیركردنی وڵات و پێشخستنی بارودۆخی ئابووری، ئەوا دەبێتە مۆدێلێك بۆ سەرجەم ناوچەكە كە لاسایی بكەنەوە.
شایانی باسە موعەدەل هەروەها گوتی: هەوڵەكان لە سووریادا بۆ سەقامگیركردنی وڵات دەبێت لەسەر ستراتیژێكی دوولایەنە بێت. یەكەم هەوڵێكی سیستەماتیكی و بەردەوامە بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەوەكان و تێكشكانی داعش بەتایبەتی. دووەمیشیان گەڕانە بە شوێن ئەلتەرناتیڤێك بۆ رژێمی ئەسەد كە لەكارلابردن و دادگاییكردنی بەشار ئەسەدیش بگرێتەوە.
لە درێژەی قسەكانیدا مەنسووری گوتی: عەرەبە سوننەكانی عێراق دەبێت ئۆتۆنۆمییەكی بەرچاویان هەبێت و ئیعترافیان پێ بكرێت لەلایەن سەركردایەتی شیعەوە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن وەك هاوبەشێكی بەرچاو بن بۆ شەڕ لە دژی داعش.
لە كۆتایی قسەكانیدا موعەدەل هەروەها گوتی: ناتوانرێت داعش تێكبشكێندرێت بەبێ سەیركردنی ئاواتە ناوچەییەكانی تاران. مەرجەكانی تێكشكانی داعش لەوەدایە كە رۆڵی وێرانكەری باڵی توندڕەوی حكومەتی ئێرانی لاوازبكرێت، بەتایبەتی رۆڵی گاردی شۆڕشگێرانی ئیسلامی ئێران.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1060)
