خەڵكی ئامرلی داوایەك ئاراستەی سەرۆك بارزانی دەكەن

 خەڵكی ئامرلی داوایەك ئاراستەی سەرۆك بارزانی دەكەن
ژمارەیەك كەسایەتیی دانیشتووی ناحیەی ئامرلی سەر بە قەزای خورماتوو، سەردانی سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە و داواكارییەكیان ئاراستەی كردووە كە سنووری ناحییەكەیان بكەوێتە چوارچێوەی ئەو خەندەقەی كە ئێستادا لێدەدرێت.


سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ناحیەی ئامرلی دوێنێ یەكشەممە بەرواری 31/1/2016راگەیاند: ژمارەیەك لە كەسایەتی و بەرپرسی ئیداریی ناحیەی ئامرلی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە و داوایەكیان ئاراستەی كردووە، كە بریتییە لەوەی سنووری ناحیەكەیان بكەوێتە چوارچێوەی ئەو خەندەقەی كە ئێستا پێشمەرگە لێی دەدات."


سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: دانیشتوانی ناحیەكە پێیان باشە بكەونە ناو ئەو نەخشەیەی كە ئێستا بە خەندەق دیاری دەكرێت.


لەم بارەوە "عەلی حوسێنی" گوتەبێژی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو و دەوروبەری ئەمڕۆ یەكشەممە بەرواری 31/1/2016 راگەیاند: ئێمە لەگەڵ برا پێشمەرگەكانمان دژی تیرۆریستانی داعش و هەموو گرووپێكی دیكەی تیرۆریستی دەجەنگین و ئێستاش ئەو خەندەقەی كە لێدەدرێت بۆ پاراستنی ناوچەكەمانە.


سەبارەت بە چوونی شاندێكی ئامرلی بۆ لای سەرۆكی هەرێم گوتەبێژی حەشدی شەعبی گوتیشی: ئاگادارین كەوا ژمارەیەك لە كەسایەتیی ئامرلی سەردانی سەرۆكی هەرێمیان كردووە و داوایان كردووە ناحیەكەیان بخرێتە چوارچێوەی ئەو خەندەقەی كە ئێستا لێ دەدرێت.


ناحیەی ئامرلی سەر بەقەزای خورماتووە و بە دووریی 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری ناوەندی قەزای خورماتوو و زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە توركمانی شیعە پێكدێت.







باسنیوز
Top