"ته‌قاندنه‌وه‌ى بۆڕى غازى هه‌رێم ده‌ستێکی سیاسى له‌ پشته‌..کاریگەری لەسەر کارەبا دەبێ"

"به‌ڕێوبه‌رى كۆنتڕۆڵی كاره‌باى هه‌رێم دەڵێ، تەقاندنەوەی بۆڕییە غازەکە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کارەبا دەبێ و، هاوکات جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ وئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، تەقاندنەوەی بۆڕیەکە دەستێکی سیاسی لە پشتە.

بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم (ئومێد ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، سەعات ١٢ی شەوی رابرد بۆڕییە غازەکە لەنێوان کەرکووک و هەولێر تەقێندرایەوە و ئەمەیش کاریگەری کردە سەر بڕینی غاز بۆ وێستگەی کارەبای هەولێر و سلێمانی، هەرچۆنێک بێ وامانکرد کە کوژانەوەی سەرتاسەری کارەبا لە هەرێم روو نەدات.
ئومێد ئەحمەد دەیشڵێ، کارەبا کەمدەبێتەوە چونکە حاڵەتەکە زۆر نائاسییە، بەڵام بە هیمەتی هەموولایەک لە ماوەی ٢٤ سەعاتی دیکەدا وا دەکەین کە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە..بۆ وێستگەی هەولێر غاز ناڕوات و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵین و وەزیریش لەسەر هێڵە، تا بتوانرێ هیچنەبێ بە گازوایل کارەباکە دابین بکەین.

هەر سەبارەت بە بۆڕی غازەوە نازم کەبیر هەرکی جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دەڵێ، ئەو بۆڕیە غازە کە شەوی دوێنێ تەقییەوە لەبەدواداچوونی بەردەوام داین و بۆڕیەکە دەکەوێتە چاڵێکەوە کە ٢ م لە ژێر خۆڵەوە بووە، هەڵکەنراوە دواتر تەقێندراوەتەوە و 2 مەتر زیان بە بۆڕیکە گەیندراوە و ئەوەی ئەو کارەی کردووە سوودی لە کەشوهەوای دوێنێ شەو بینیوە و ئەو کارەی ئەنجام داوە.

(هه‌ركى) دەڵێ، ئەوەی ئەو کارەی کردووە مەبەستی ئەوەیە کە خەڵکی هانبدات و توندوتیژی دروستبکات و بیەوێ لەو رێگەیەوە خەڵکی برژێنێتە سەرشەقام بۆیە ئەمە دەستێکی سیاسی لە پشتە، خۆ ئەم بۆڕیە غازە مڵکی هەموو کوردستانە و مڵکی لایەنێکی سیاسی نییە، ئەمەی ئەو کارەی کردووە بۆئەوەیەتی کە زیان لە قوتی خەڵکی کوردستان بدات.
Top