"هەقە وڵاتانی عەرەب یارمەتیی کوردستان بدەن"

سەرۆکی بزووتنەوەی چاکسازی و گەشە ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان خێرا بە هانای هەرێمی کوردستانەوە بێن و لەم قەیرانە ڕزگاری بکەن.

(د. محەممەد بازیانی) سەرۆکی بزوتنەوەی چاکسازی و گەشە، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆڵی کورد لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر زۆر بەچاوە و سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردووە، بۆیە وەک ئەرک و واجبێک هەقە ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە گیرۆدەن بەدەست تیرۆرەوە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە داراییەی هەرێمی کوردستان، چونکە پانتاییەکی زۆری شەڕی لەگەڵ تیرۆر هەیە."

دەیشڵێ: "داوا دەکەین حکوومەت بە تەنیا داواکانی ئاراستەی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا نەکات بەڵکو دەوڵەتە عەرەبەکانیش ئەو داواکارییەکان ئاراستە بکرێت، چونکە ئەو وڵاتانە ڕێزێکی تایبەتی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگرن بەتایبەتی دوای ئەو پێشوازیە گەرمەی لە بارزانی کرا ئێستا سیاسەتی وڵاتانی عەرەب بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە".

ئەوەشی خستە ڕوو: هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک سیمبولێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش تەماشا دەکرێت بۆیە دەبێت هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە خێراتر بکرێت و ڕێگا نەدرێت هیچ کەلێنێکی ئەمنی دروست ببێت، چونکە هەمو جیهان ئومێدی لەسەر پێشمەرگە هەڵچنیووە.

Top