قەیرانی دارایی سووک دەبێت.. نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە
وا پێشبینی کراوە کەوا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠١٦) سەبارەت بەو پێشبینییە، شرۆڤەکاری بەڕێوەبردن و ئابوریی مامۆستای زانکۆ (ئیدریس ڕەمەزان کۆچەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پێشبینیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا (ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) لە فرۆشیاری نەوت دەگۆڕدرێت بۆ بە کاربەری نەوەت چونکە تێچوونی دەرھێنانی زۆرترە لەوەی بیفروشێت بەو نرخە بۆیە دەبێتە کڕیارێکی گەوەری نەوت، ئەگەر تەماشای ئابووری وڵاتی (چین) بکەین دەبینین ئەمە چەند ساڵێکە لە ڕووی پیشەسازییەوە نزمترین ئاستی گەشەی تۆمار کردووە و، لە پێشبینییەکان کەمتر بوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سستیی وکزی ئابووریی جیهانییەوە و کاریگەری قەیرانی دارایی لە سەری، ئەو زیانانەی بە بازاڕی پشکەکان کەوتووە لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت، و سەرەکیترین شت بۆ ئەم پێشبینییە ئەوەیە کە داواکاری جیهانی لەسەر ئەم کاڵایە زیاد دەبێت و خستنەڕووی کەم دەبێتەوە بە حوکمی ھاتنە ناوەوەیی بەشێکی زۆر لە و وڵاتانە کە پێشتر فروشیاری نەوت بوون بەڵام ئێستا بوون بە کریاری نەوت بۆیە نرخ بەرز دەبێتەوە وکەوا پێشبینی دەکرێت بگاتە (٥٠) دۆلار."
(کۆچەر) گوتیشی: "زۆربەی پێشبینیە ئابوورییەکان لەو باوەڕەدان کەوا بارودوخی ئابووری دوای ھەر داکشان و ھەڵکشانێک ھەیە و ئەم ھەڵکشانەش لە ڕێگای ئەوە دروست دەبێت کەوا ئێستا ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرڕ کردووەتە وڵاتانی (ئەورووپا و ئەمریکا) ئەو وڵاتانە ھەوڵ دەدەن کەوا ئەم کۆچبەرانە بەکار بهێنن و سوودی ئابوورییان لێ وەرگرن، بۆیە ئەمە دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەگەڕخستنی وزەیەکی زۆر لە لایەن ئەم وڵاتانە کەوا گەر ئەم وزەشیان ھەبێت زۆر کەمە و بەشی ئەو ھەموو بوارانە ناکات، بۆیە ئەم وڵاتانە لە ھەوڵی ئەوەدا دەبن کەوا داواکارییان لەسەر وزە زیاد بێت تاکو بتوانن ئابوورییەکانیان پەرە پێ بدەن، ئەمەش دەبێتە ھوکاری زیادبوونی ئەم نرخە وناتوانن دەستبەرداری ئەم ووزەیە ببن چونکە دەبێتە مایەی دابەزینی ئاستی ئابووری وڵاتەکانیان."
لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت (کۆچەر) ئاماژەی بەوە دا: "ئەمە دەبێتە ھۆکارێک کەوا ئابووری ئەو وڵاتانە ببووژێتەوە و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کەوا نەوتین وەکو ھەرێمی کوردستان، چونکە دەتوانێت لەو ڕێگایەوە زوربەی پێداویستیەکانی تاک و کۆمەڵگا دابین بکات، بەڵام ئەم کاریگەرییە باشە لە سەرەتاوە ھەست پێ ناکرێت لە ھەرێمی کوردستان چونکە حکوومەتی ھەرێم لە ئێستا زۆربەی پێداویستییەکانی خەڵک و بوارەکانی تری لەسەرە، بۆیە بۆ ماوەی چەند مانگێگ گەر نرخ وا لە بەرز بوونەوەدا بوو ئەو کات حکوومەت دەتوانێت بوارەکانی گەشەی ئابووری دەست پێ بکاتەوە کە مەزندە دەکرێت تاکو کۆتایی ساڵی (٢٠١٦) و سەرەتاکانی ساڵی (٢٠١٧) بێت، چونکە لەو کاتە داھاتەکانی حکوومەت زیاتر دەبێت لە خەرجییەکانی ودەتوانێت زیادەکەی بەکار بهێنێت لە بوارەکانی گەشەی ئابووری و سێکتەرەکانی و خوشگوزەرانی خەڵک و کۆمەڵگا، لەبەر ئەوەی زوربەی ئاماژەکانی کونگرەی جی٢٠ لە داڤۆس نیشانە و ھێمایەک بوون بۆ چالاککردنی ئابووری جیهان و چارەکردنی کێشە ئابوورییەکانی جیهان."
