تەرمی پێنج قوربانی دیکەی ئیجە گەڕێندرایەوە هەرێم
بەرپرسی نوسینگەی فدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان (ئامانج عەبدوڵا) ڕايگەیاند: "لە ڕووداوەکەی شەوی ٢٢ـی ئەم مانگە کە دوو بەلەمی کۆچبەران لە ئاوی ئیجە ژێر ئاوکەوتن کە ژمارەیان زیاتر لە ٨٠ کەس بوو ٦٤ ھاوڵاتی باشوری کوردستان خنکان، کە تاوەکو ئێستا ٣٤ لەوانە دۆزراونەتەوە و ١٩ی دیکەش بێسەروشوێنن، کە ١٢یان خەڵکی ئیدارەی ڕاپەرین و حەوتی خەڵکی کۆیە و چواری خەڵکی پیرەمەگروون و ژمارەیەکیان خەڵکی پارێزگای سلێمانین.
بەرپرسی نووسینگەی فدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی، ئەوانەی کە لە شەوی ٢٢ ئەم مانگەوە خنکان تەرمی دوانزەیان توێکاری کراون لە فەرمانگەی دادپزیشکی و ئامادەن بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و کەس و کارەکانیشیان چوونەتە تورکیا بۆ ئەو مەبەستە، کە ھەر یەکە لەو تەرمانە پێویستی بە ١٧٠٠ دۆلارە و، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەو ئەرکە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت.
وتیشی، ئەمڕۆ تەرمی پێنج کۆچبەری خەڵکی باشووری کوردستان گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی کوردستان کە لە ٢٣/١٢/٢٠١٥ لە ئاوی ئیجەدا خنکان کە ھەموویان یەک خێزان بوون و، ژمارەیان حەوت کەس بوو و، تەنها دایکیان ڕزگاری بووە و ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی سلێمانی پێنجیان گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی کوردستان و، بەرەو کەرکووک بەڕێ کران بۆ ئەوەی لە زێدی خۆیاندا بنێژرێن؛ دیارە یەکێک لە کوڕە خنکاوەکانیش هێشتا نەدۆزراوەتەوە.
