زێباری: پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە زوویی بە هانای پەنابەرانەوە بێت
سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران (د. دیندار زێباری) رایگەیاند: "ئێمە وەكو لێژنەی باڵای حكوومەت بۆ هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، یان هەر هەڵوێستێكی نێودەوڵەتی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارەتیمان هەیە، بە حوكمی ئەو بەرپرسیارەتییە لە ماوەی رابردوودا وەڵامی چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتیمان داوەتەوە، بە تایبەتی لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەو گوژمە پارانەی نێردراون".
گوتیشی: "وەڵامەكانمان لەو چوارچێوەیەدا بووە، ئەو هاوكاریانە چۆن بووە؟، هەرێمی كوردستان چۆن توانیویەتی سوود لەو هاوكارییە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت؟ ئێمە باسمان لەوە كردووە كە لایەنی نێودەوڵەتی، لایەنی سەرەكی بووە لە هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران، بەڵام ئەو بوودجە و پارانەی لە كۆمەڵای نێودەوڵەتییەوە نێردراون، لە ئاستی تواناكاندا نییە، بۆیە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەمان بەلایەنی نێودەوڵەتی راگەیاندووە كە هەڵوێستی ئێمە چۆن بووە بەرانبەران پەنابەران".
(د. دیندار) دەشڵێت: "ئێمە چوار داواكاریمان هەیە، یەكەم: ئەو پارەیەی تەرخان كراوە بۆ هەرێمی كوردستان تەواو نییە و ١٠٪ـی ئەو پێداویستیانە تێناپەڕێت كە پێویستە خەرج بكرێت. دووەم: ئەو هاوكاریانە راستەوخۆ بۆ هەرێمی كوردستان نەبووە، بەڵكو لە رێگای ئاژانسەكانی (یوئێن) بووە بە بێ ئەوەی پرسی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت. سێییەم: هیچ پارێزگارێك لە هەرێمی كوردستان پارەی كاشتی نەدراوەتێ كە راسەوخۆ خەرجی بكات بۆ ئاوارەكان، چوارەم" گوشار لەسەر عێراق بكرێت هاوكاریی زیاتر پەنابەران بكات".
(زێباری) هەروەها ئاماژی دا: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان درێخی نەكردووە بۆ پەنابەرانی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان كە لە هەرێمی كوردستانن، هاوكاریی باشی كردوون و نزیكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو ٢٠٠ هەزار پەنابەرە خەرج كردووە. لە پەنابەرانی ناوخۆی عێراقیش كە ملیۆنێك و ٧٠٠ هەزاری تێپەڕاندووە، حكوومەت لە هەموو سێكتەرەكان كاری بۆ كردوون و ژیانیان بۆ دابین كراوە، لە ئەمن و ئاساییشەوە تا دوایی كە بە سەدان ملیۆن دۆلار لەو بوارە خەرج كراوە، بۆیە ئەگەر تەخمینێك بۆ خەرجیی حكوومەت لەو بوارە بكرێت، ئەوا ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان ١٧٪ بێت، دەبێ زیادی بكات بۆ ٢٥٪ بۆ ئەوەی ئەو میزانییە بەشی ئاوارە و پەنابەران بكات، چونكە كاتێك ئەو هاوكاریانە درایە هەرێمی كوردستان، وایانزانی هاوكارییەكان بۆ پەنابەران بۆ كاتێكی دیاریكراوە و ئەو ئاراوانە دەگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا دەركەوتووە كە ئاوارەكان سێ ساڵە لە هەرێمی كوردستانن و بوونەتە بەشێكی ژیانی هەرێمی كوردستان، بۆیە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كەمتەرخەمە لەو بارەیەوە و، دەبێت بڕیار بدات هاوكارییەكان بۆ هەرێمی كوردستان لە رێگای رێكخراوەكانەوە نەبێت، بەڵكو بڕیار بدرێت مینحەیەكی تایبەتی بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدرێت، دووەم دەبێت بڕیارێكی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ هاوكاری بگەیەنرێتە هەرێمی كوردستان و قاڵبی نێودەوڵەتی وەربگرێت، دواتر گوشار لە حكوومەتی عێراق بكرێت هاوكاریی زیاتری پەنابەران بكات، چونكە نزیكەی دوو ملیۆن كەس لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ئاوارەن".
